لە قەزای خەبات دوو منداڵ لە گۆمێکی ئاودا خنکان

21-10-2023
سۆران حوسێن
وێنەی دوو منداڵەکە.
وێنەی دوو منداڵەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت، لە پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوەدا دوو منداڵ خنکان کە برای یەکن و تەرمی یەکێکیان دۆزراوەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پڕۆژەیەکی ئاودێرییدا لە قەزای خەبات تەرمی منداڵێک بە خنکاوی دەرهێندرا و گومان دەکرێت منداڵیکی دیکە کە برای خنکاوەکەیە لە ئاوەکەدا بێت.
 
میراودەلی دەڵێت، "لە کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆوە دوو منداڵ لە ماڵ ونبوون و دوای گەڕان بە دوایاندا و نەدۆزینەوەیان، خێزانەکەی گومانیان هەبووە خنکابن و تیمەکانی بەرگریی شارستانییان لە رووداوەکە ئاگادار کردەوە. دوای گەڕانی تیمەکانمان کاژێر 04:00ـی دوای نیوەڕۆ تەرمی یەکێک لە منداڵەکان دۆزرایەوە".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، هەردوو منداڵەکە بران، ئەوەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە ناوی دانیاڵ مەروان خالیدە و تەمەن پێنج ساڵە، براکەشی ناوی زانیارە و تەمەنی چوار ساڵە؛ گوتیشی، "گومان دەکرێت تەرمی براکەشی لە هەمان ئاودا بێت کە پڕۆژەیەکی ئاوە بۆ ئاودانی کشتوکاڵی سوودی لێ وەردەگیرێت".
 
کاروان میراودەلی گوتی، هەردوو منداڵەکە کوردن و خەڵکی قەزای خەباتن، گەڕان بەدوای تەرمی منداڵەکەی دیکەدا بەردەوامە.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەو رێککەوتە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.