قایمقامی پاوە: خەریکە کێشەی زبڵ و خاشاک دەبێتە قەیران بۆ ناوچەکە

21-10-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لەبارەی چارەسەرنەکردنی کێشەی زبڵ و خاشاکی ناوچەکە هۆشدای دەدات و دەڵێت، خەریکە کێشەکە دەبێتە قەیرانێکی گەورە بۆ ناوچەکە و مەترسی لەسەر ژینگە و تەندروستیی خەڵک دروست دەکات.
 
فەرزاد ئەڵماسی، قایمقامی پاوە لە کۆبوونەوەی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زبڵ و پاشماوەی شارەکەدا رەخنەی تووندی لە ژمارەیەک دامودەزگای حکومەت گرت و رایگەیاند، بڕیارەکانی لیژنەکە پشتگوێ خراون و جێبەجێ نەکراون.
 
فەرزاد ئەڵماسی گوتی: "بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە کە هەندێک لە بەرپرسان تەنانەت بڕیار و راسپاردەکان پشتگوێ دەخەن و هیچ رێوشوێنێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنیان ناگرنەبەر". گوتیشی: "هەر کەسێک نەتوانێت بەرپرسیارێتی قبووڵ بکات، دەبێ دەست لەکار بکێشێتەوە."
 
بە گوتەی قایمقامی پاوە، پێویستە کێشەکە بە هەند وەربگیرێ و هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێ، بە پێچەوانە کێشەکە گەورەتر دەبێ و دەبێتە قەیرانێکی گەورە بۆ شارەکە و مەترسییەکی جیدی لەسەر ژینگە و تەندروستیی خەڵکی ناوچەکە دروست دەکات.
 
فەرزاد ئەڵماسی گوتی: "بۆنێکی ناخۆش و دۆخێکی زۆر نەخوازراو لە دەوروبەری شوێنی فڕێدانی پاشماوەکانی شار دروست بووە کە تەنانەت بووەتە هۆی پیسبوونی ئاو و خاک و هەڕەشە لە گوندەکانی دەوروبەریش دەکات. ئەم دۆخە بۆ شاری گەشتیاریی پاوە گونجاو نییە."
 
قایمقامی پاوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە سنووری قەزای پاوە، پێنج شاری پاوە، نودشە، نەوسوود، بانەوەر و بایەنگان هەن و دەڵێت: "پێشنیاز دەکەم سوود لە توانای پێنج شارەکە وەربگیرێ بۆ دروستکردنی ناوەندێکی ریسایکل و پێویستە روو لە بەڕێوەبردنی مۆدێرن و تەکنەلۆژیای نوێ لە بواری پاشماوەدا بکەین و بە هاوکاری شارەوانییەکان و هەموو دامودەزگە پەیوەندیدارەکان، بەرەو چارەسەرێکی بنەڕەتی هەنگاو بنێین."
 
فەرزاد ئەڵماسی، زۆربوونی ژمارەی سەگی بێلانە وەک کێشەیەکی دیکەی ناوچەکە ناودەبات و دەڵێت، "لە کاتێکدا پاوە شارێکی گەشتیارییە و دۆخی تایبەتی هەیە، ئێمە تەنانەت ناتوانین چەند سەگێکی بێلانە کۆبکەینەوە. ئەم دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت."
 
قەزای پاوە دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشان و 125 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کرماشانەوە دوورە و بە پێی دوایین سەرژمێریی فەرمیی لە ئێران، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 66 هەزار کەسە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە