پرۆژەی دووسایدکردنی 'رێگەی مەرگ'ی کۆیە - هەولێر 10 ساڵە 20%ی تەواوبووە

21-11-2021
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
رێگەی کۆیە - هەولێر بە "رێگەی مەرگ" ناسراوە. وێنەکان: رووداو
رێگەی کۆیە - هەولێر بە "رێگەی مەرگ" ناسراوە. وێنەکان: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کۆیە

"رێگەی مەرگ" ناونیشانی رێگەی نێوان کۆیە - هەولێرە. لە تەنیشت رێگە یەک سایدە کۆنەکە، پرۆژەی دووسیادکردنی رێگەکە هەیە، بەڵام وەستاوە.
 
ساڵی 2014 ئەو کاتەی دەبووایە پرۆژەکە تەواو ببێت، منداڵێک بەناوی میر لەدایکبووە، بەڵام ئێستا ئەو تەمەنی هەشت ساڵە و پۆلی سێی بنەڕەتییە، بەڵام پرۆژەی رێگەی دووسایدی کۆیە - هەولێر هەر وەکو خۆیەتی و بە وەستاوی ماوەتەوە.
 
سۆران ئەبوبەکر، باوکی میر دەڵێت، "ساڵ نەبووە گردبوونەوە و خۆپێشاندان نەکەین، بەداخەوە هیچ وەڵامێک نەبووە، بەداخەوە ماوەی وەستانی پرۆژەکە یەک لەسەر 10ی سەدەیەکە و 10 ساڵ رۆی، ئەوە جیلێکی دیکە لە منداڵان گەورە بوون، ئەو پرۆژەیە هەر تەواو نابێت، ئەگەر تەماشای بەڵێنەکان بکەین، دەیان بەڵێنی پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانی حکومەت دراوە، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون".
 
رێگەیەکی کۆن و قەرەباڵخ، بەردەوام بارهەڵگرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ریزیان بەستووە و هاتووچۆی پێدا دەکەن، رێگەکە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە.
 
پێنج رێگەکەی نێوان هەردوو پارێزگاکە کۆن و یەک سایدن: رێگەی هەولێر - کۆیە، رێگەی سماقووڵی، رێگەی هیران بۆ هیزۆپ، رێگەی دۆڵی ئالانە بالیسان و رێگەی وەرتێ بۆ دەڤەری راپەڕین؛ ئەوەش وایکردووە دانیشتووانی کۆیە بڵێن، پرۆژەی رێگەی دووسایدی کۆیە - هەولێر بووەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان زۆنی سەوز و زەرد.
 
رەشید دەلاک، چالاکوان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا سێ سەرۆکی حکومەت، چوار وەزیر، سێ پارێزگار لە هەولێر و چوار قایمقام لە کۆیە پۆستەکانیان ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە، بەڵام ئەم پرۆژەیە هەر وەکو خۆی ماوەتەوە".
 
پرۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، 65 کیلۆمەترە و بە تونێلی هەیبەت سوڵتانەوە پێنج قۆناخە، ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و، تاوەکو ئێستا کەمتر لە 20%ی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پرۆژەکەی خستووەتە ریزبەندیی یەکەمی پرۆژەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵی 2022.
 
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت، "پرۆژەکە زیاتر لە 350 ملیار دیناری دیکەی پێویستە، ئەمساڵ زۆرمان هەوڵدا بودجەی بۆ تەرخان بکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندرا، ئێستا بۆ پلانی 2022 وەکو وەزارەت زۆر جەختی لێ دەکەینەوە و بۆ پلانی 2022 لە ریزبەندیی یەکەمی داواکارییەکانمان دەبێت لە پرۆژەکانی سنووری پارێزگای هەولێر".
 
پرۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، بەشێکە لە پلانی بەستنەوەی سەرجەم هەرێمی کوردستان بە رێگەی دووساید و خێرا، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەزار و 750 کیلۆمەتر رێگەی دووسایدە، بەڵام ئێستا تەنیا 847 کیلۆمەتر رێگەی دووسایدی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەهۆی لافاوەکەوە بەشێکی پەمپەکانی ئاو هێشتا نەخراونەتەوە کار.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ: خشتەی دابەشکردنی ئاو بووەتە 9 رۆژ جارێک

لافاو و نیشتنی قوڕ و لیتە لەنێو پەمپەکانی ئاو کاریگەری لەسەر ئاوی چەمچەماڵ هەبووە. بەرپرسی راگەیاندنی ئاوی قەزاکە دەڵێ، خشتەی دابەشکردنی ئاو بووەتە 9 رۆژ جارێک و هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە.