رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی یاسای باری کەسی روونیدەکاتەوە "هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەمواری یاسای باری کەسی جێبەجێ نەکات." د. مەغدید فەتاح، دەڵێت، "هەرێمی کوردستان یاسا کۆنەکەی باری کەسیشی هەموار کردووەتەوە و دەتوانێت رێنمایی و یاسای پێویست بداتە دادگەکان بۆ راگرتنی هەموارەکە".
بەڵام ئەوەش دەخاتەڕوو "بەپێی دەستووری عێراق، هەموو تاکێکی عێراق ئازادە لەوەی بەپێی مەزهەب و بیروڕا و ئایینی، یاسای باری کەسییەکەی بگۆڕێت".
رۆژی سێشەممە 21-1-2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. دانیشتنەکە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی.
هەرسێ پڕۆژەیاساکە چەند مانگێک بوو نەدەتوانرا دەنگیان لەسەر بدرێت و مشتومڕی زۆریان لەسەر بوو، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا توانرا هەرسێکیان پەسند کران.
د. مەغدید کەریم تەها، پسپۆری یاسای باری کەسی، چوارشەممە 22-1-2024، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، لەبارەی هەمواری یاسای باری کەسیی عێراق، بە رووداوی گوت "یاسای باری کەسی عێراق 1959 لەلایەن کەسانێکی پسپۆر و لێهاتووی سەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داڕێژراوەتەوە لەسەر بنەمای مەزهەبی حەنەفی، بەڵام هەمواری ئێستا لەسەر بنەمای مەزهەبی جەعفەری داڕێژراوەتەوە."
خاڵێکی سەرەکی لە هەمواری یاسای باری کەسیی عێراقی مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تەمەنی هاوژینی بۆ کچ کەمکراوەتەوە بۆ 9 ساڵ و بۆ کوڕیش کراوەتە 15 ساڵ. مافپەروەرەران و رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ رەخنەیان لەو هەوڵە دەگرت، بەوەی پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە و ناکرێت کچ لە تەمەنی 9 ساڵی لە دادگە مارە بکرێت.
لەبارەی کارپێکردن یان نەکردنی یاساکە و بەکارهێنانی یاساکە لەلایەن خەڵکییەوە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، گوتی، "لەسەر بنەمای مادەی 41 لە عێراق هەر کەسێک دەتوانێت و ئازادە لەوەی یاسای باری کەسیی خۆی هەڵبژێرێت بەپێی ئایین و ئایینزا، هەروەها بەپێی بیر و بڕوایان، هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچی فەرمی نەگوتووە، بەڵکو یاسا کۆنەکەیشی هەموار کردووەتەوە لە ساڵی 2008 و تەمەنی لە 15 ساڵەوە کردووەتە 16 ساڵ، بەڵام هەرێمی کوردستان دەتوانێت رێنمایی دەربکات، بۆئەوەی ئەو بڕگەیەی یاسای عێراقی جێبەجێ نەکرێت و یاسا کۆنەکەی باری کەسیی عێراقی جێبەجێ بکات".
هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی، لەسەر بنەمای مەزهەبی جەعفەری وەرگیراوە و شیعەکان بە یاسای جەعفەری ناوی دەبەن. یاساکە لەلایەن حیزبی فەزیلەی حەسەن شەمەری پشتیوانی دەکرێت، کە شێخ محەمەد یەعقووبی مەرجەعی حیزبەکەیە، سەر بە قوتابخانەی سەدری بووە.
یاساکە لەلایەن وەزیری داد و سەرۆکی پارتی فەزیلەت، ئامادەکراوە، 254 مادە لەخۆدەگرێت.
بە بیانووی "رزگارکردنی ئایینزای شیعەیە لە ئەنجامدانی تاوان، چونکە هەندێک بڕگەی یاسای مەدەنی ئێستا پێچەوانەی فیقهی شیعەیە".
"یاسای جەعفەری" رێگە بە پیاو دەدات تەمەنی 15 ساڵی تەواو کردبێت هاوسەرگیری بکات، هەروەها ئەو ئافرەتەی 9 ساڵی تەواو کردبێت شوو بکات.
یاسای جەعفەری دەڵێت: هاوسەرگیری پیاو لەگەڵ ژنی دووەم تەنیا بە رەزامەندیی دادوەر دەکرێت، هەروەها توانای دارایی بەسە بۆ هێنانی ژنی دووەم.
بەگوێرەی یاسای جەعفەری، ژن میرات لەو زەوییانە وەرناگرێت کە لە مێردەکەی بەجێماون.
مادەی 213 دەڵێت: ژن میرات لەو زەوییانە وەرناگرێت کە لەلایەن مێردەکەیەوە بۆی بەجێماون پاش ئەوەی کۆچی دوایی دەکات، نە لە رووی مادی و نە لە بەها، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوییە و وەکو خانوو، ئامێر و شتی دیکە میراتی لێ وەردەگرێت.
یاسای جەعفەری رێگە نادات پارەی نەفەقە بدرێت بە ژن لەو حاڵەتانەی کە لە مادەی 126دا ئاماژەی پێکراوە، کە بریتین لە؛ ئەگەر ژنەکە سەرپێچی بکات، یان ئافرەتەکە گەنج بێت و هاوژینەکەی توانای چێژوەرگرتنی لێی نەبێت، یان ئەگەر ئافرەتەکە پیر بووبێت و پیاوەکەی گەنج بێت.
هەروەها یاسای جەعفەری دەڵێت، ئەگەر ئافرەتەکە لەلایەن مێردەکەیەوە زیندانی بکرێت نابێت داوای جیابوونەوە بکات. هەروەها کاتێک مێردەکەی نەخۆش بێت و نەتوانێت کاروباری ژیانی رۆژانەی بکات.
لە مادەی 124ی یاسا نوێیەکەدا هاتووە: هیچ خێزانێک ناتوانێت منداڵ هەڵبگرێتەوە کە نەزانرێت منداڵەکە هی کێیە و لە کێ بووە.
لە ئەگەری جیابوونەوەدا، "یاسای جەعفەری" رێگە بە ژنە تەڵاقدراوەکە نادات لەو ماڵەدا بمێنێتەوە کە تێیدا دەژی تاوەکو ماڵێکی دیکە دەدۆزرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی هەموارەکەدا، ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستیی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە:
دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن.
هەموارەکە نیگەرانیی بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و ئافرەتانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن: گرێبەستی هاوسەرگیری بەپێی مەزهەب دابەشکردنی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ