پاسەوانی سنوور: تەواوی سنووری نێوان عێراق و سووریا کۆنترۆڵکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدلە بەکر
پاسەوانی سنوور لەسەر سنووری عێراق-سووریا. وێنە: رووداو
پاسەوانی سنوور لەسەر سنووری عێراق-سووریا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێوشوێنە ئەمنییەکانیان لەسەر سنووری سووریا، بەتایبەت لە سنووری قەزای شنگال تووندتر دەکەن. فەرماندەیەکی پاسەوانی سنووریش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سنوورەکان بە تەواوی پارێزراون و هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە.
 
ئەو ناوچانەی دەکەونە چوارچێوەی "کەرتی شەش"ی پاسەوانی سنوور، لە ساڵی 2014ـەوە لە دیوی سووریاوە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا. لە بەرامبەریشدا هێزە فەرمییەکانی عێراق بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی و پاراستنی سەروەریی خاک، کەوتوونەتە ئامادەییەکی تەواوەوە.
 
سۆران ئەنوەر، کوردە و لەو سنوورە لە ئەرکدایە، دەڵێت: "وەک کوردێک خۆشحاڵیی خۆم دەردەبڕم کە لێرە لە سنووری ناوچەی شنگال ئەرک دەبینم بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و بەرگری لە خاکی نیشتمان دەکەم."
 
بۆ رێگریکردن لە هەر دزەکردنێک، هێزە ئەمنییەکان سوودیان لە تەکنەلۆژیای سەردەم و ئاستەنگی سرووشتی و دەستکرد وەرگرتووە. مەروان سەبری، یەکێک لە پاسەوانانی سنوور لەو ناوچەیە، پەیامێکی دڵنیایی بۆ خەڵکی شنگال و عێراق دەنێرێت و دەڵێت: "سنوورەکانمان ئارامن. بە سێ قۆناخ سنوورەکەمان قایم کردووە؛ لە رێگەی سیاج، خەندەق و تەلبەندەوە، هێزەکانمان بەردەوام لەوێ ئامادەن."
 
لە هێڵی یەکەمی سنوورەکەدا، پاسەوانانی سنوور و سوپای عێراق بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی، جێگیرکراون. ئەحمەد حوسێن، یەکێک لە سەربازانی ناوچەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ناوچەکە بە تەواوی لەژێر چاودێریدایە و دەڵێت: "ناوچەکە بە کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو کۆنترۆڵکراوە، خاڵە سنوورییەکانمان تووند و تۆڵ کردووە و سەربازەکانمان 24 کاژێر لە ئەرکدان بۆ پاراستنی ئارامی."
 
عەلی رەشید، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچەی 6، جەخت لەسەر پاراستنی هاووڵاتییان و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک دەکاتەوە و رایگەیاند: "خەڵکی خۆمان لە سەرانسەری عێراق و بەتایبەتی شنگال ئاگادار دەکەینەوە، کە رۆڵەکانتان لە ناوچەی 6ی پاسەوانی سنوور بە هەموو توانایانەوە بەرگری لە سنوور دەکەن و هیچ مەترسییەک لەسەر سنوور نییە."
 
ئەم رێوشوێنە توندانەی عێراق لەکاتێکدایە، کە پاراستنی سەروەریی سنوورەکان و رێگریکردن لە هاتنی گرووپە چەکدارەکان و قاچاخچێتی، لە کارە لەپێشینەکانی هێزە ئەمنییەکانە لەو ناوچە ستراتیژییەی نێوان عێراق و سووریا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە رەققە. وێنە: AFP

هەسەدە: دیمەشق بۆ دووەم رۆژ ئاگربەستی پێشێل کرد؛ کۆبانی و زیندانی ئەقتان لە ژێر تۆپباران دان

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، سوپای عەرەبیی سووریا بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک هێرشەکانیان بۆ سەر کۆبانی و زیندانی (ئەقتان) لە رەققە بەردەوامە.