مەسرور بارزانی بڕیارێک بۆ دامەزراندنی 500 کەس بەشێوەی گرێبەست لە هەڵەبجە دەردەکات

22-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجەوە قسەی کرد و رایگەیاند، مایەی تێڕامانە کە رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەنگی لەسەر نادرێت و بە بیانووی ناڕەوا کێشەی لە بەردەم دروست دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بڕیاری دامەزراندنی 500 کەس بەشێوەی گرێبەست لە هەڵەبجە دەرکراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای سەردانی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە، پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکە، گوتارێکی پێشکێش کرد، لەدوای گوتارەکەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەسرور بارزانی بڕیاری داوە 500 کەس بەشێوەی گرێبەست لە دامودەزگەکانی حکومەت لەو پارێزگایە دابمەزرێنێت.
 
گوتارەکەی مەسرور بارزانی 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا داوایکرد رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەزووترین کات تەواو بکرێت و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت. گوتیشی، "پێویستە ئێمە رووبەڕووی حکومەتی فیدراڵی ببینەوە و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و هەڵەبجەییەکان بە بیری حکومەت بهێنینەوە."
 
مەسرور بارزانی گوتی "لەلایەکەوە تاوانمان بەرامبەر دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە قوڕگمان دەگرن و هەناسەمان دەبڕن. لەولایشەوە دێن خۆیان وەکو فریادڕەس پێشان دەدەن و خەڵکێک بەلاڕێدا دەبەن و وا دەکەن کە ئێمە مەمنوونیان بین، ئەم جۆرە رەفتارە بەرامبەر خەڵکی کوردستان چی دیکە قابیلی قبووڵ نییە."
 
مەسرور بارزانی لە بەشێکی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، هەڵەبجە نموونەیەکی هەرە دیاری تاوانی رژێمی بەعسە و پێویست بوو بە شێوەیەکی شایستە کەسوکاری قوربانییان قەرەبووبکرێنەوە. سەرۆکوەزیران گلەیی لە حکومەتی فیدراڵی کرد و رایگەیاند، "ئەم جۆرە رەفتارە قابیلی قبووڵ نییە و پێویستە هەڵوێستمان هەبێت بۆ ناچارکردنی حکومەتی فیدراڵی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری هەڵەبجەییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی پردی تووەقوت کرد و گوتی، "بە تەواوکردنی، سوودێکی زۆر بە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەگات و کاریگەریی باشی لە بواری گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێت."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە بەرهەمی ناوچەکەش کرد و نموونەی هەناری هەڵەبجەی باس کرد، لەوبارەیەوە گوتی، "ساڵی رابردوو توانیمان هەناری کوردستان، بە تایبەت هەناری هەڵەبجە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکەین."
 
راگەیێندراوەکەی حکومەت و "دامەزراندنی 500 کەس بەشێوەی گرێبەست"
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای گوتارەکەی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا مەسرور بارزانی چەندین بڕیاری "گرنگی" بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەرکردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێن.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، 500 کەس لە دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنرێن. هەروەها مەسرور بارزانی داوای کردووە، "پەلە بکرێت لەجێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی بەقەزابوونی خورماڵ."
 
قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە یەکێکی دیکەیە لەو بڕیارانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پارێزگایەوە داوییەتی و داوایشی کردووە کە "لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و پاشان دەستنیشانکردنی رێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە، بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی بڕیارەکە تایبەتمەندی دەدرێت بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی شارەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پلانی بۆ دانراوە.
 
لەبارەی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە پارێزگاکە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەربکات و دواتر کار لەسەر رێکار و پێداویستییەکانی بکرێت."
 

 

 

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە کۆمەڵێک بڕیار پەسند کراون بەمشێوەیە: 
 
1. پەلەکردن لە جێبەجێ کردنی رێکارە یاساییەکانی بەقەزابوونی ناحیەی خورماڵ کە لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران رێکارەکان تەواو کراون، و تەنها مەرسوومی هەرێمی سەرۆکایەتی هەرێم ماوە بۆ بە قەزابوونی خوڕماڵ، بەم هەنگاوەش پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە خاوەنی دوو قەزا، کە ئەوانیش قەزای ناوەندی هەڵەبجە، و قەزای خوڕماڵ دەبێت لەگەڵ هەر سێ ناحیەی (بەمۆ و بیارە و سیروان).  
 
2. بڕیاردرا بە دامەزراندنی 500 کەس لە هاونیشتیمانانی گەنج و لاوی پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەکانی بە شێوازی گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لە ناو پارێزگای هەڵەبجە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی میلاکی فەرمانگە وبەڕێوەبەرایەتیەکانی ناو پارێزگای هەڵەبجە، ئەم بڕیارەش هەلی کار بۆ 500 گەنج و دەرچووی پەیمانگە و زانکۆی پارێزگای هەڵەبجە دەڕەخسێنێت و "لە هەمان کاتدا بە دەسبەکاربوونی ئەم کارمەندانە راییکردنی مامەڵە و خزمەتگوزاریی فەرمانگەکانیش لە ناو هەڵەبجە بە ژمارەیەکی زیاتر لە کارمەند باشتر دەڕوات بەڕێوە."
 
3. راسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دانانی پلانێکی بەپەلە بۆ دەستکردن بە قیرتاوکردنی شەقامە سەرەکیەکانی ناوشاری هەڵەبجە، و بۆ ئەم مەبەستەش "جێگری پارێزگا بۆ کاروباری هونەری راسپێردرا کە بە گوێرەی ئەولەویەت و گرنگی لە رێگای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشنیار و پڕۆپۆزەڵەکانیان ئامادە بکەن."
 
4. پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەدواداچوونی بابەتی مەرز و دەروازە سنووریەکانی پارێزگاکە بە تایبەتی مەرزی (سازان) و پشتە، "هەم لە رووی تەواوکردنی رێکارەکانی بە رەسمی ناساندنیان لە بەغدا کە قۆناخی باشی بڕیوە، وەک پارێزگار لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی پێدا لە هەفتەی پێشوو شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە بۆ ئەم مەبەستە." 
 
5. لە رووی تەواوکردنی ژێرخانی مەرز و دەروازەکان و گۆڕەپان و رێگاوبان و بینا پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی لەناو مەرزەکانی هەڵەبجە، بڕیاردرا بە پەسندکردنی پێشنیاری تەرخانکردنەوەی رێژەیەک لە داهاتی مەرز و دەروازە سنوورییەکانی هەڵەبجە بۆ پەرەپێدانی مەرز و دەروازەکانی خودی هەڵەبجە.
 
6. پێدانی تایبەتمەندی و ئەولەویەت بە ماستەرپلانی پارێزگای هەڵەبجە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی شارەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پلانی بۆ دانراوە و "سەر لە نوێ بودجەیان بۆ تەرخانکراوەتەوە و چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیش هاوکارن بە تایبەتی رێکخراوی جایکای یابانی."
 
7. راسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەلەکردن لە دەرکردنی بڕیاری کردنەوە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە و سازدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت و دەرکردنی بڕیارەکە، و دواتر کاربکرێت لەسەر رێکار و پێداویستییەکانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆکە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە