سوودانی سەرۆکە؛ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک پێکدەهێندرێت

22-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی و ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، رێبەر ئەحمەد و چەند بەرپرسێکی دیکەی کورد، عەرەب و تورکمان، کۆبوونەوەیەک لەبارەی کەرکووک بەڕێوەچوو، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، لەوانە پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک، هەروەها لە حەوت رۆژدا لایەنەکان پڕۆژەی خۆیان پێشکێش بکەن.  
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی، محەممەد تمیم، وەزیری پلاندانان و سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆن بەشداربوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی ئاماژەی بەوە کرد "کەرکووک پێگەیەکی تایبەتی هەیە، جێگەی سەرنجی هەموو هێزە نیشتمانییەکانە و کار دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و برایەتی و سەقامگیری، ئەوەش دەخوازێت هەمووان هەوڵی راستگۆیانە بدەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی و بارودۆخی ئابووری لە پارێزگاکە کە شایستەی پێکهاتەکانی بێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
 
- بەهۆی گرنگیی پارێزگای کەرکووک کە وەک عێراقێکی بچووک ناودەبرێت، بەشداربووان رێککەوتن بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەرکووک لەبەرچاو بگیرێت، پێکەوەژیان بپارێزرێت، پەیوەندیی برایەتی و هاوکاری لەنێوان رۆڵەکانیدا بەهێزتر بکرێت، دەستوور ئەو چەترەیە کە هەمووان دەپارێزێت.
 
- رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەیڕەوی هاوبەشی، سازان و پەراوێزنەخستن بنەمای کاری هاوبەشیان بێت لە پارێزگای کەرکووک.
 
- رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ببێتە چەتری سیاسی، سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی هاوپەیمانێتییەکە بکات تاوەکو جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمەکەی و پەیڕەوی ناوخۆییەکانی هاوپەیمانێتییەکە.
 
- ئامادەکردنی (بەرنامەی بەڕێوەبردنی خۆجێی لە کەرکووک) کە لەلایەن هاوپەیمانێتێیەکەوە پەسندکراوبێت، هێزەکانی هاوپەیمانێتێییەکە پابەند بن پێیەوە، ئیدارەی نوێی پارێزگاکە جێبەجێی بکات، بەپێی میکانیزم و کاتی روون و کرداری.
 
- هێزە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا بەڵگەنامەی کارکردن پێشکێش بکەن، کە تێڕوانینی خۆیانی تێدابێت بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تەواو بۆ پارێزگاکە و میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
 
لە یەکەم کاردانەوەدا، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 22ی شوباتی 2024، لە هەژمارەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو پارتە براوەکانی هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە چاودێریی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پشتیوانیی تەواوی هێزە سیاسییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە سەروەری، هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست و دەرفەتێکی سازانە لەبارەی ئیدارەی شارەکە. 
 
دوای زیاتر لە مانگێک لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە حکومەتی خۆجێی پێکبهێنێت و پارێزگار هەڵبژێرێت.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لایەنەکان رێککەوتن لەماوەی حەوت رۆژدا پڕۆژەی خۆیان بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کەرکووک پێشکێش بکەن. گوتیشی، "تێبینیم کردووە، ئێستا عەرەب و تورکمان هەڵوێستیان گۆڕاوە، نەرمییان پێوەدیارە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت".
 
بە گوتەی د. ئەحمەد کەرکووکی: "تاڕادەیەکی باش عەرەب و تورکمان لە بیروبۆچوونەکانمان نزیک بوونەتەوە، بەڵام تائێستا چاوەڕێی ئەوان دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا 9 کورسی؛ تائێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە.   
 
لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی و کورسییەکەی کریستان نزیکە لە یەکێتی 8 کورسیان هەیە، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان 8 کورسین، لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسیان هەیە، کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی، هەروەها تورکمان 2 کورسیی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.