رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی گوندی کۆچۆ لەچاوەڕوانیی گەیشتنی رووفاتی ئازیزانیان بوون، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، ئەمڕۆ تەرمی 19 رووفاتیان گەڕێنرانەوە و لە رێوڕەسمێکدا بەخاک سپێردران.
یەکێک لەو رووفاتانە، مەحموود خدر، گەنجێکی گوندەکە بوو، کە ساڵێک بوو ببووە زاوا کاتێک لەلایەن داعشەوە لەگەڵ هاوژینەکەی و 15 کەسی ماڵباتەکەی، کەوتنە دەست داعش، لەوان چواریان کۆمەڵکوژکران و ئەوانی دیکە رفێنران.
خەمێ حەجی، پووری مەحموود لەسەر گۆڕەکەی بە گریانەوە بە رووداوی گوت، "هەر چواریان کوڕی خوشکی منن."
رووفاتی قوربانییەکان بە رێوڕەسمی ئایینی بەخاکسپێردران.
لە رێوڕەسمەکەدا دەف لێدرا و شمشاڵ لەسەر گۆڕەکان ژەنرا؛ کەسوکار و ئازیزانی قوربانییەکان بۆ دوایین جار ماڵئاواییان لە رووفاتەکان کرد، ئەو رووفاتانەی هەریەکەیان پێش 10 ساڵ بە چیرۆکێک یان زیاتر لە چیرۆکێکی تراژیدی، ژیانیان کۆتایی پێهات.
ئیلیاس ساڵح، یەکێکە لە رزگاربووانی کۆمەڵکوژیی کۆچۆ، کە بە چوار پیکئاب نزیکەی 60 کەسیان بۆ دەرەوەی گوندەکە گوێزرابوونەوە و هەموویان بەیەکەوە گوللـەباران کران، بەڵام ئیلیاس بە برینداری رزگاری بوو.
ئیلیاس ساڵحی رزگاربووی کۆمەڵکوژیی کۆچۆ بە رووداوی گوت "خوا منی لە مردن گەڕاندەوە. دوو گوللــەم بەرکەوت. دووکەڵ لە زەویی نایف جاسۆ بەرزبووەوە و داعش ئێمەی نەبینی و چووینە نێو بێستانەکە. دواتر رۆیشتین تاوەکو گەیشتینە گوندی پسکێ و تاوەکو ئێوارە لەژێر دارێک خۆمان شاردەوە، دواتر هەڵاتین."
ئەمە حەوتەمین گەڕی گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانییانی شنگال بوو، کە دوای ئاشکرابوونی ناسنامەکانیان پاش پشکنینی دی ئێن ئەی، بەخاک سپێردران.
لەو 32 رووفاتەی کوردانی ئێزدی کە دوێنێ گەڕێنرانەوە شنگال، دوو ژن و سێ منداڵ بوون، ئەوانی دیکە هەموویان پیاو بوون. جگە لەوانە هێشتا رووفاتی نزیکەی 500 کەسی دیکە ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ