رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بارینی بەفرێکی زۆر و هاتنی جەژنەکانی نەورۆز و رەمەزان، بەڵام ناوچە گەشتیارییەکانی هەولێر و شەقڵاوە چۆڵن. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شەقڵاوە دەڵێت، بەهۆی مەترسییەکانی شەڕی ناوچەکەوە، رێژەی گەشتیاران 75% کەمیکردووە.
شەقامی سەرەکیی هەولێر - پیرمام کە هەمیشە لەم کاتانەدا و بەتایبەت لە نەورۆز و رۆژانی دواتردا پڕ دەبوون لە ئۆتۆمبێل و گەشتیار، لە کامێرای رووداوەوە چۆڵ و خامۆش دەردەکەوێت.
شەقڵاوە یەکێکە لە شارۆچکە گەشتیارییەکانی کوردستان و بەتایبەت لای خەڵکی بەغدا و عێراق زۆر باوە، بەڵام ئەم ساڵ ئەوێش چۆڵە. هۆکاری ئەم بێ بازاڕی و چۆڵەوانییە بۆ شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەگەڕێندرێتەوە.
ئازاد موختار، خاوەنی هۆتێلێکە لە شەقڵاوە و ئاماژە بەوە دەکات، کاریگەریی شەڕەکە بەڕوونی بەسەر کارەکەیانەوە دیارە. ئەو بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بەفرێکی زۆر باش باری و چاوەڕوانی هاتنی گەشتیارێکی زۆرمان دەکرد، بەڵام بەداخەوە شەڕی ئەمریکا و ئێران هەموو گەشتەکانی وەستاندووە. ئێمە لەم هۆتێلە 66 ژوورمان هەیە، کەچی تەنیا 17 ژووریان گەشتیاری لێیە؛ لەوانەش تەنیا سێ یان چواریان عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن و ئەوانی دیکە کوردن. هیچ کات هێندەی ئێستا گەشتیار کەم نەبووە."
نەک تەنیا خاوەنکارەکان، بەڵکو ئەو کەمە گەشتیارەش کە هاتوون هەست بەم گۆڕانکارییە دەکەن. حەیدەر ئیبراهیم، فەرمانبەرێکە و لە عێراقەوە هاتووەتە کوردستان، دەڵێت: "ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاوازی هەیە، ئەویش بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوەیە، بەڵام من لە پشووەکاندا هەر دێم بۆ کوردستان. ئەو رەوشەی ئێستا نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر کوردستان و عێراق هەیە، بەڵکو هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە."
بەپێی ئامارەکانی گەشتوگوزاری شەقڵاوە، پار تەنیا لەم وەرزەدا ژمارەی گەشتیاران 124 هەزار کەسی تێپەڕاندبوو.
دڵدار حەسەن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شەقڵاوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو شەڕە نەگریسەی ئێستا لە ناوچەکە هەیە کە بەهۆی جوگرافیاوە لێمانەوە نزیکە، وایکردووە گەشتیار زۆر زۆر کەم بکات. پێش مانگی رەمەزان زۆربەی هۆتێل و چێشتخانەکان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە بوون و چاوەڕوانی گەشتیارێکی یەکجار زۆرمان دەکرد، چونکە دوو جەژن بوو، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە 75% گەشتیار کەمیکردووە."
شەقڵاوە کە بە یەکێک لە جەمسەرە گرنگەکانی گەشتیاری بۆ خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دادەنرێت، خاوەنی 18 هۆتێل، 29 هەوارگە و مۆتێل، 400 خانوو و ڤێلای گەشتیاری و 30 چێشتخانەیە، بەڵام زۆربەی ئەم شوێنانە ئەمساڵ بەهۆی بێ گەشتیارییەوە چۆڵ دەردەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ