رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند، دابینکردنی ئاوی هەولێر رانەگیراوە، بەڵام ئەگەر سبەی بارانی بەخوڕ ببارێت، ئەگەری هەیە بەهۆی لێڵبوونەوە رایبگرن.
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، رۆژی شەممە، 21-03-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا بارانی بەخوڕ باریوە، کە ئەمەش زیانی بۆ ئاوی خواردنەوە هەیە و دەبێتە هۆی لێڵبوونی؛ بەڵام ئەمڕۆ بارانەکە باش بوو و زۆر نەبوو، بۆیە تاوەکو ئێستا رانەگیراوە."
بە گوتەی رابەر حوسێن، ئەگەر سبەی بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام بێت، "بە ئەگەری زۆرەوە دابینکردنی ئاو بۆ ماوەیەکی کاتی رادەگرین."
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.بە گوێرەی پێشبینی کەشناسان بۆ سبەییش باران بارین بەردەوام دەبێت.
دوێنێ هەینی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاندبوو، بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان و سەرەڕای ئەوەی ئێستا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو بە تەواوی توانایانەوە کاردەکەن، پێشبینیی بەرزبوونەوەی رادەی لێڵیی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو دەکرێت و لەوانەیە بەهۆیەوە ناچار ببن دابینکردنی ئاو بۆ هاونیشتمانییان بەشێوەی کاتی رابگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ