بە بڕیاری حکومەتی عێراق؛ لە دەروازە سنوورییەکان 2500 دینار لە گەشتیاران وەردەگیرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیارێکی حکومەتی عێراق، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بڕی 2500 دینار وەک رسوماتی هاتووچۆ لە هەر گەشتیارێک وەردەگیرێت. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش دەڵێت، بڕیارەکە چەند رۆژێکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ژمارەیەک هاونیشتمانی پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد و باسیان لەوە کرد، لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پارەیان لێ وەردەگیرێت. رووداو بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد.
 
رۆژی شەممە 21ی ئاداری 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە بڕیاری حکومەتی عێراقە و دەبێت لە هەموو دەروازەکان بڕی 2500 دینار لە گەشتیاران وەربگیرێت؛ بڕیارەکە چەند رۆژێکە جێبەجێ دەکرێت."
 
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، بڕیارەکە ناوەندییە و بۆ هەموو دەروازەکانی عێراقە.
 
شۆفێرێکی پاسی هێڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە دەروازەی حاجی ئۆمەران (لە دیوی هەرێمی کوردستان) لە کاتی تێپەڕبوون، لە هەر گەشتیارێکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 2500 دینار بۆ چوون و 2500 دیناریش بۆ هاتنەوە وەردەگیرێت، کە پێشتر ئەمە نەبوو." لە شۆفێری پاسەکەش 10 هەزار دینار وەرگیراوە.
 
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، سەرچاوەیەک لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بە رووداوی راگەیاند، "بڕیار بوو لە 1-3-2026ـەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و جەنگی ئیسرائیل و ئێران دواکەوت. ئێستا بڕیارەکە لە هەردوو دیوی هاتن و چوون جێبەجێ دەکرێت."
 
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی مانگی رابردوو، جگە لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە پارێزگای سلێمانی، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو دەروازەکانی دیکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست.
 
دەربارەی رسوماتی ئۆتۆمبێلەکانیش، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بەپێی قەبارە و جۆرەکەی، بڕی پارەکە لە 5 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 30 هەزار دینار."
 
لەلایەکی دیکەوە، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە رووداوی راگەیاند: "لە دەروازەی کێلێ ماوەیەکە ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت و بۆ هەر گەشتیارێک 2500 دینار وەردەگیرێت، بەڵام هێشتا وەرگرتنی پارە ئۆتۆمبێلەکان ناگرێتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل دەستیپێنەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر

لە مانگی رەمەزاندا 14 فرۆشگا و شوێن لە هەولێر داخراون

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێ، لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 100 سەرپێچی تۆمارکراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر کاڵای ماوەبەسەرچوودا گیراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات "14 شوێن بەهۆی گرانکردنی نرخی کاڵاکانیانەوە داخراون."