راوێژکارێکی سوودانی: بە تێڕوانینى ئێمە عێراق و تورکیا لەسەر دۆسیەی ئاو رێکدەکەون

22-04-2024
رووداو @Rudawkurdish
چەندین دۆسیە لەلایەن عێراقەوە ئامادە کراون بۆئەوەى بخرێتە سەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا
چەندین دۆسیە لەلایەن عێراقەوە ئامادە کراون بۆئەوەى بخرێتە سەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە گەرمەى دۆخى گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق و دابەزینى ئاستى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات لە چەند ساڵى رابردوودا، عێراق دەیەوێت لەڕێگەى سەردانى سەرۆککۆماری تورکیاوە بۆ بەغدا چارەسەرى راستەقینەى قەیرانى ئاو و وشکەساڵى بکات، کە ناوچە کشتوکاڵییەکانى گرتووەتەوە.
 
خالید شەماڵ، گوتەبێى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق رایگەیاند، "لە چەندین بۆنەدا سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە، دۆسیەى ئاو لە پێشینەى کارەکانى حکومەتە و تاوتوێى هیچ دۆسیەیەک ناکرێت تاوەکو گەرەنتیکردنى ئاوى عێراقى تێدا نەبێت، هەر دۆسیەیەک بخرێتەڕوو، ئاو ئامادەیی دەبێت."
 
چەندین دۆسیە ئامادە کراون بۆئەوەى بخرێتە سەر مێزى گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا، گرنگترینیان دۆسیەى ئاوە، حکومەتى عێراق دەیەوێت لەڕێگەى رێککەوتنەکانى پێشووى نێوانیان پشکێکى دادوەرانەى ئاوى لە تورکیاوە پێبدرێت.
 
فادى شەممەرى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە دۆسیەى سیاسى و پەرەسەندنەکان لە ناوچەکە و دۆسیەى ئاو لە گرنگترین ئەو دۆسیانە دەبن بۆ ئەو کۆبوونەوانە، بە تێڕوانینى ئێمە عێراق و تورکیا لەسەرى رێکدەکەون و دەسازێن، دۆسیەى دیکەى هەستیار و ئاڵۆزیش هەن لەڕووى ئەمنییەوە؛ لەوانە دۆسیەى سنوورى و هەندێک لە گرووپەکان."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى تورکیا چەند رۆژێک لەمەوبەر راگەیاند، ئاو یەکێک لە گرنگترین ئەجێنداى سەردانەکەى دەبێت بۆ عێراق و، تورکیا تاوتوێى داواکارییەک دەکات کە عێراق لەوبارەیەوە پێشکێشى کردووە و هەنگاوەکان بەرەو چارەسەرى ئەو دۆسیە دەڕۆن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە