هاوردەکردنی پێستە، گۆشت و خووریی ئاژەڵ لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت

22-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە، گرنگترینیان هاوردەکردنی پێست، گۆشت و خووری لە عێراقەوە قەدەخە کراوە.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ، شارەوانی، ناوخۆ و تەندروستی کرا، "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پەیوەندیدار بوو بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون، کە کۆمەڵێک رێکاری نوێی لەبارەوە دەرکرا."
 
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون و بڵاوبوونەوەی، هاوردەکردنی گۆشت، پێست و خووری لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەیە."
 
بە گوتەی رابەر محەممەد، لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش "گواستنەوەی گۆشت قەدەخەیە."
 
لەبارەی رێکارەکانی دیکە بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری باس لەوە دەکات، هەموو ئاژەڵەکان دەبێت لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێن. "دەبێت گۆشت پێش بەکارهێنانی نزیکەی 18 کاژێر لە ساردکەرەوەکاندا هەڵبگیرێت و دواتر بەکاربهێندرێت."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف قسەیان کردووە رۆژی هەینی لەسەر مینبەرەکان هۆشداری بە هەموو هاووڵاتییان بدەن.
 
لە ئەمڕۆوە رێکارەکان دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە. رابەر محەممەد گوتی، "داوامان لە حکومەتی فیدراڵ کردووە، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خۆیان پابەندی رێکارەکانمان ببن."
 
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا. بەڵام تاوەکو ئێستا لە سنووری کەرکووک (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) دوو کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
 
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی 2023ـەوە دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کراوە، تاوەکو ساڵانە لە کاتی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون بەکاربهێندرێت.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە