رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە هەواڵی دەستگیرکردنی ناڵە سووپەر لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، بەپێی بەدواداچوونی رووداو، دەستگیرنەکراوە، بەڵام رەنگە دادگایی بکرێت و بە پێبژاردن سزا بدرێت.
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، دەرباز یونس کە هاوڕێی نزیکی ناڵە سووپەرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناڵە سووپەر دەستگیرنەکراوە، بەڵام لەلایەن هاتووچۆوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، کە سەرپێچیی هاتووچۆی کردووە لە شەقامی 150مەتریی هەولێر، بۆیە ئەگەری هەیە بە پێبژاردن سزا بدرێت."
نزیکەی مانگێک پێش ئێستا، پێشکێشکار ناڵە سووپەر بەرنامەیەکی لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیای توانا FX کرد، لە یەکێک لە بەشەکانی بەرنامەکەدا، لەگەڵ توانا سەعید پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلیان کرد، لەسەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر و بە خێراییەکی زۆر ئۆتۆمبێلیان لێخوڕی.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە هۆکاری ئەنجامدانی ئەو پێشبڕکێیە، رێکاری یاسایی دژی هەر یەک لە ناڵە سووپەر و توانا سەعید گرتووەتەبەر، بەڵام بەر لە تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان توانا سەعید لە لایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراوە.
لەدوای ئەو بەرنامەیەی کە ناڵە سووپەر پێشکێشی کرد، توانا سەعید، خاوەنی کۆمپانیای توانا FX، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا، دوێنێ شەو لە دانپێدانانێکی ڤیدیۆییدا گوتی "فێڵم لە خەڵک کردووە و کۆمپانیاکەم نایاسایی بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ