پیرەمێردێک لە سلێمانی 6 مانگە چاوەڕێی سۆراخی کوڕەکەیەتی: گەر ماویت، تکایە قسەم لەگەڵ بکە!

22-04-2026
پێشەوا بەختیار
مام حوسێن
مام حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماڵێکی شاری سلێمانی، پیرەمێردێکی تەمەن 71 ساڵ لە لێواری پەنجەرەی ماڵەکەیدا چاوەڕوانی هەواڵێکە کە 6 مانگە پێی نەگەیشتووە. حوسێن تۆفیق، ئەو باوکە جەرگ سووتاوەیە کە کوڕە بچووکەکەی کەوتووەتە نێو تەمومژێک و لەبەرچاوی ونبووە، ئێستا تەنیا حەسرەت و وێنەکانی بۆ ماوەتەوە.
 
بەهادینی تەمەن 26 ساڵان، شەش مانگ لەمەوبەر بە هیوای دابینکردنی بژێوییەکی باشتر و بە موژدەی کارکردن لە کۆمپانیایەکی دەرەوەی وڵات، کوردستانی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێهێشت، بێ ئەوەی بزانێت دەبێتە قوربانیی یارییەکی مەترسیدار.
 
"تکایە تەنیا دەنگتم پێ بگات"
 
حوسێن تۆفیق، کە تەمەنێکە وەک ژینگەپارێز خزمەتی شاری سلێمانیی کردووە، ئێستا فرمێسک و ناڵەکانی تێکەڵ بەیەکدی بوون. ئەو بە خەمبارییەوە دەڵێت، "نازانم بۆ رۆیی؟ ئەی نابێت بە ئێمە بڵێن کە ئەم کوڕە دەبەن بۆ شەڕ؟ هەرچییەک بێت تەنیا بۆمی بدۆزنەوە."
 
باوکی بەهادین لە پەیامێکی پڕ لە ئازاردا بۆ کوڕەکەی دەڵێت، "بەهادین گەر ماویت تکایە قسەم لەگەڵ بکە، گەر نەشماویت با تەرمەکەت خۆم بە خاکی بسپێرم."
 
"گوتی تەنیا بۆ یەک ساڵ دەڕۆم"
 
ژیان حوسێن، خوشکی بەهادین دوایین دیدار و قسەکانی براکەی بەم شێوەیە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، "کاتێک هات بۆ لای من، دەمەو ئێوارە بوو، گوتی دەڕۆم بۆ کۆمپانیاکە لە دەرەوەی وڵات کار دەکەم و تاوەکو یەک ساڵ نایەمەوە."
 
بەهادین سێ رۆژ دوای بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە خێزانەکەیەوە دەکات و دەڵێت، لە "رووسیام"، ئەوە دوایین دەنگ و رەنگی بەهادین دەبێت کە بۆ خوشک و براکانی و باوکە تەنیاکەی جێهێشتووە.
 
فریودانی گەنجان بەناوی کار و رەگەزنامەوە
 
چیرۆکەکە هەر تەنیا بەهادین نییە؛ بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە، زیاتر لە 100 گەنجی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە رەوانەی بەرەکانی جەنگ کراون.
 
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو گەنجانە بەناوی مووچەی بەرز و پێدانی رەگەزنامەوە فریودراون، بەڵام لەڕاستیدا دەبرێنە نێوجەرگەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ سکاڵایەکی فەرمی نییە
 
سەبارەت بەم پرسە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە. دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەی نایاسایی و قاچاخ دەکرێت، ناتوانن بە فەرمی رەتی بکەنەوە یان پشتڕاستی بکەنەوە.
 
ئێستا لە ماڵە ساردەکەی مام حوسێندا، تەنیا بێدەنگی و چاوەڕوانی باڵیان بەسەر ماڵەکەیدا کێشاوە، باوکێک کە تەنیا داوای یەک وشە لە کوڕەکەی دەکات تاوەکو دڵی پێی ئۆقرە بگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خوێندنی کوردی لە قوتابخانەیەک. وێنە: رووداو

تورکیا گەنجینەیەکی 170 ساڵەی وێژەی کوردی چاپ دەکات

وەزارەتی کولتووری تورکیا بە هاوکاریی زانکۆی ئارتوکڵوو، کۆکراوەی دیپلۆماتی رووسی (ئەلێکساندەر ژابا)ی وەک 15 بەرگ چاپ کرد. ئەم ئەرشیڤ و کۆکراوەیەی ژابا پێش 170 ساڵ بە پیتەکانی ئارامی و لاتینیی کوردی نووسراوە و لە سانت پیتەرسبورگی رووسیا پارێزراوە