چوار رۆژە بەهۆی شکانی بۆری ئیفرازەوە بەشێکی هەولێر بێ ئاوە؛ کەی ئاویان پێدەگات؟

22-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەرچەندە دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر چاککردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێی راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نیوەی ئەو گەڕەکانەی لەسەر پڕۆژەکەن ئاویان پێنەگەیشتووە. بەرپرسی پڕۆژەکە دەڵێت، ئەمڕۆ ئاو دەگاتەوە هەموو ماڵەکان.
 
چەند هاونیشتمانییەک ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداویان گوت، لە 19ـی ئەم مانگەوە بەهۆی شکانی بۆری ئیفرازەوە ئاویان پێ نەگەیشتووە و نازانن کەی ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە.
 
هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کاژێر 08:00ـی بەیانی دوێنێوە پڕۆژەکەمان خستووەتەکار و تاوەکو ئەمڕۆ 138 هەزار مەتر سێجا ئاومان بۆ گەڕەکەکان ناردووە؛ کە زیاتر لە 50%ـی ئەو کەسانەیە سەرچاوەی ئاویان لەسەر ئەم پڕۆژەیە".
 
لەبارەی ئەو ماڵانەی تاوەکو ئێستا ئاویان پێنەدراوە، بەڕێوەبەری ئاوی ئیفراز سێ گوتی: "ئەمڕۆ ئاو بە هەموویان دەگاتەوە، چونکە پڕۆژەکە کار دەکات و هیچ کێشەیەکی نەماوە".
 
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
 
19ـی ئەم مانگە بۆرییەکی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر شکا و بەهۆیەوە کارکردنی پڕۆژەکە راگیرا. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاند، "کەسانی نابەرپرس" بەهۆ راکێشانی هێڵی کارەباوە بۆرییەکەیان شکاندووە و رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.
 
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت.
 
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە