رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا 11 گەڕەکی دیکە دەخرێنە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە؛ گوتیشی، ''نزیکەی 64٪ـی هاوبەشان لە هەرێمی کوردستان تێکڕای بەکارهێنانی کارەبایان کەمترە لە 800 کیلۆوات.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-05-2025، ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئێستا لە سنووری پارێزگاکە 13 هەزار هاوبەش خراونەتە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە.''
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە. ئەنوەر حەمەسەعید گوتی، ''پڕۆژەکە هەنگاوێکی زۆر باشی بڕیوە و ئێستاش 11 گەڕەکی دیکە ئامادەکاریی تەواویان بۆ کراوە کە 26 هەزار هاوبەش لەخۆدەگرن و لە زووترین کاتدا دەخرێنە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە.''
بەپێی ئەو بەرنامەیەی پڕۆژەی رووناکی دایناوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە سەنتەری شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و سلێمانی) دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026یش سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی ئێستا هیچ کامە لە سیتییەکان نەخراونەتە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە، ''بەڵام لە داهاتوودا هەموو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بە هەمان نرخ کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابین دەکرێت.''
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی 14ـی ئایاری 2025ـی خۆی، نرخی کارەبای 24 کاژێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات بەو شێوەیە دیاریکرد، 1 بۆ 400 کیلۆوات، 72 دینار. 400 بۆ 800 کیلۆوات، 108 دینار. 800 بۆ 1200 کیلۆوات، 175 دینار. 1200 بۆ 1600 کیلۆوات، 265 کیلۆوات. 1600 کیلۆوات بۆ سەرەوە، 350 دینار.
وەک ئەنوەر حەمەسەعید دەڵێت، ''بەگوێرەی ئەو داتایانەی بەردەستن، لە ساڵی 2023 کە نزیکەی 12بۆ 13 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە، تێکڕای بەکارهێنانی کارەبای مانگانە لە سلێمانی بۆ هەر هاوبەشێک نزیکەی 622 کیلۆوات بووە، لە هەولێر نزیکەی 640 کیلۆوات و لە دهۆکیش 800 کیلۆوات بووە.''
بەشێک لە هاوبەشانیش گلەییان لە نرخی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، نزیکەی 64٪ـی هاوبەشان لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کارەبایان لە بازنەی 1-400 و 400-800 کیلۆواتدا دەبێت، واتا کەمتر لە 72 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ دێتەوە و پڕۆژەکە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە.
ئەنوەر حەمەسەعید بۆ زانینی بڕی بەکارهێنانی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی و بە شێوەی کیلۆوات دەڵێت، ''هاوبەشان دەتوانن سەیری پسوولەی کارەبای ماڵی خۆیان بکەن، لە رابردوودا بۆ مانگێک چەند کیلۆوات کارەبایان بەکارهێناوە، ئەوە بکرێتە بنچینەیەک و 20٪ـی بخەنە سەر بەکارهێنانەکە، ئەوکات بڕی بەکارهێنانی کارەبایان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا دیاری دەکرێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی نموونە دەهێنێتەوە، ''ئەگەر پێشتر ماڵێک 1000کیلۆوات کارەبای بەکارهێنابێت، 20٪ـی پێیەوە زیاد دەکات کە دەکاتە 1200 کیلۆوات، ئەوە دەبێتە بڕی بەکارهێنانی کارەباکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا.''
بەشێک لە هاوبەشانی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە خراونەتە نێو پڕۆژەی رووناکییەوە، قەرزی کارەبای پێشوویان لەسەر ماوە. ئەنوەر حەمەسەعید گوتی: ''لە داهاتوودا بڕیار لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزی کۆنی کارەبا دەدرێت.''
لەگەڵ گەیشتنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەر شوێنێک، نرخی کارەبای ئەو شوێنە بەپێی نرخە نوێیەکە هەژمار دەکرێت، بەڵام مانگی یەکەم 50٪ و مانگی دووەمیش 25٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی پڕۆژەکە دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی باسی لەوە کرد، لە سنووری پارێزگاکە پسوولەی دوو مانگ بۆ هەشت هەزار و 200 هاوبەشی کارەبا دابەشکراوە کە کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، ''نزیکەی 93٪ـی هاوبەشان ئەو پارەیەی بۆیان هاتووەتەوە لەنێوان 25 هەزار بۆ 50 هەزار دینار بووە بۆ یەک مانگ، ئەویش بەو نرخە تاقیکارییەی پێشوو کە سەرەتا خرابووە بواری جێبەجێکردنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ