مەسرور بارزانی: گرێبەستەکانمان تەواو یاسایین و سوود بە هەموو عێراق دەگەیێنن

22-05-2025
تەنیا ئەحمەد
گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرێبەستە نەوتی و گازییەکان دەڵێت، "تەواو یاسایین." لەبارەی کارەبای 24 کاژێرییش رایگەیاند، هیوادارن تاوەکو ساڵی داهاتوو کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان ببێتە 24 کاژێری.
 
لەبارەی ئەو گرێبەستە نەوتی و گازییانەی لەگەڵ ئەمریکا واژۆیان کردوون؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "گرێبەستە نەوتی و گازییەکانمان تەواو یاسایین."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست محەممەد شیاع سوودانی وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام بێت لە کارەکەی و "بە یەک چاو سەیری خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بکات."
 
مەسرور بارزانی پێیوایە فیدراڵیزم "باشترین سیستمە بۆ عێراق، بەڵام بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و پێویستە رێز لە فیدراڵیزم بگیرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "پاڵپشتیی تەواوی" خۆی بۆ روانگە و ئەجێندای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند و دەڵێت، "بۆ ئەوەش هاتووینەتە ئێرە کە بە ئەمریکای پێشان بدەین ئێمە تەنیا لە شەڕی دژی تیرۆر بەتوانا نین، بەڵکو دەتوانین هاوپەیمانی دروستبکەین بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک."
 
دەقی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
ئەمبرین زەمان، پەیامنێری پێگەی مۆنیتەر: باشە، ئێمە تەنیا نیو کاژێرمان لەبەردەستە و من سێ پرسیارتان لێ دەکەم. زۆر خۆشحاڵین کە ئێوە بە ئەجێندایەکی ئەرێنی لێرەن، چونکە زۆربەی کات باس لە جەنگ و ئەوە دەکرێت کە کورد چۆن دەتوانێت یارمەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی دووژمنی هاوبەشیان. ئێوە چەندین رێککەوتنی گەورەتان واژۆ کردووە، بێگومان ئەمانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە پڕۆژە دڵخوازەکەتانەوە هەیە کە پڕۆژەی رووناکییە، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ کوردستان، کە بەڕاستی من زۆر پێی دڵخۆشم، چونکە من کەمێک بێزار ببووم لەوەی لەنێو ئاسانسواردا گیر بخۆم. بەڵام ئەم پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە، بێگومان، زۆر پەیوەستە بە ئەجێندای ئێوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان و لێدان لەو بەرژەوەندییە تایبەتییانە، کە بێگومان ئەوەی پێی دەگوترێت "مافیای مۆلیدەکانیش" دەگرێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، بێگومان، رەتکردنەوەیەکی [بەرگرییەکی] دەروونی هەیە لەلایەن ئەو خەڵکەی کە راهاتوون لەسەر وەرگرتنی وزەی نزیکەی خۆڕایی. کەواتە، بەڕێز سەرۆکوەزیران، دەتوانن کەمێک باسی ئاڵنگارییەکان و سوودەکانی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ بکەن؟
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: سەرەتا سوپاست دەکەم ئەمبرین، خۆشحاڵم کە لێرەم، تکایە رێگەم بدەن سوپاسی بەڕێز وەزیری وزە بکەم کە ئەمڕۆ لەگەڵمانە و سوپاسی هەموو ئامادەبووانیش دەکەم لێرە. بێگومان پرسیارەکەت زۆر گرنگە، ئەوە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان کە هەموو گەلێک شایەنی ئەوەیە هەیبێت، ئەویش کارەبایە. بێگومان ئەمە کێشەیەکی زۆر دێرینە کە گەلەکەمان پێوەی دەناڵێنێت، ئێمە لەم دواییانەدا دەستمان بە هەندێک چاکسازی کردووە، یەکێک لەوانە دابینکردنی ئەم پڕۆژەیەی رووناکییەیە کە مانای دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە بۆ هەموو کوردستان. من زۆر دڵخۆشم کە زۆر بە باشی کار دەکات، بەرەوپێش دەچێت و هەنگاو دەنێت. ئێستا ئێمە بۆ شارە سەرەکییەکان دابینی دەکەین. بە ئامادەبووان رادەگەیێنم کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو شارە گەورەکانمان بە کارەبای 24 کاژێری تەواو دادەپۆشرێن و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو هیوامان وایە هەموو کوردستان کارەبای 24 کاژێری هەبێت.
 
بێگومان، بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست، کارەبای پێویستمان نەبوو بۆ دابینکردن، بۆیە زۆربەی مۆلیدەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەهاتن. بێگومان، مەبەستم ئەوەیە، ئەوە هەواشی پیس دەکرد. ژاوەژاوێکی زۆر هەبوو، هەندێک جار هەندێک کێشە، خەڵک دەبوو دوو پسووڵە بدەن، کارەبا دەهات و دەچوو، دەگۆڕا. کاتێکی زۆر ئاسان نەبوو بۆ گەلەکەمان. بۆیە لەم پڕۆژەیەدا، هەوڵ دەدەین یەکەم شت، کارەبای 24 کاژێری دابین بکەین و بۆ 80%ی خەڵکی کوردستان هەرزانتر دەبێت. تەنیا ئەوانەی دەیانەوێت وزەی زیاتر بەکاربهێنن، ئەوا دەبێت بەرپرسیار بن لە کردارەکانیان. ئەگەرنا، پسووڵەیەکی هەرزانتر دەبێت بۆ خەڵک. ئامانجی ئێمە تەنیا دابینکردنی کارەبا نییە بۆ هەرێمەکەمان، بەڵکو دەزانین کە هەموو وڵات، هەموو عێراق و ناوچەکە، کەمیی کارەبایان هەیە. ئێمە توانای بەرهەمهێنانی سەرچاوەی زیاتر و گازی زیاترمان هەیە، تاوەکو بتوانین کارەبای زیاترمان هەبێت نەک تەنیا بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراق و بۆ دراوسێکان ئەگەر بتوانین. هەر بۆیەشە من زۆر شانازی دەکەم کە لەم دواییانەدا دوو رێککەوتنی گرنگمان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆ کرد کە زیاتر لە 15 ساڵە لە کوردستان کار دەکەن. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی گازی زیاتر، کە لە بنەڕەتدا کارەبای زیاتر بۆ هەمووان بەرهەم دەهێنێت. پێم وایە ئەمە تەواو ئەو شتەیە کە دەبێت بیکەین، سەیری گەلەکەمان بکەین و هەوڵ بدەین خزمەتگوزاری زیاتر بۆ خەڵک دابین بکەین.
 
ئەمبرین زەمان: کەواتە ئەوەی ئێوە باسی دەکەن لە بنەڕەتدا دۆخێکی بردنەوە-بردنەوەیە بۆ هەموو عێراق، کەچی، وەک لە پانێڵەکانی پێشوودا ئاماژەی پێکرا، جارێکی دیکە بەرگری لەلایەن بەغداوە بۆ ئەمە هەیە [کۆسپی بۆ دروست دەکرێت]، تەنانەت باس لەوەش دەکرێت کە دۆسیەی یاسایی نوێ لە بەغدا دەجوڵێنرێت بۆ راگرتنی ئەم رێککەوتنانە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، سەرەڕای هەموو بەڵێنەکان کەم شت لە بەغدا گۆڕاوە. ئایا هەست دەکەن سەرۆکوەزیران سوودانی شایەنی پشتیوانیی ئێوەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمدا؟
 
مەسرور بارزانی: با سەرنج بخەینە سەر ئەو لێدوانەی لە بەغداوە دێت. پێم وایە دەبوو چاوەڕێیان بکردایە تاوەکو بزانن ئەم رێککەوتنە مانای چییە. ئەمە رێککەوتنێکە کە بەڕاستی خزمەت بە هەموو وڵات دەکات. خزمەت دەکات و سوودبەخش دەبێت بۆ گەلی عێراق بە گشتی. تەنیا بۆ گەلی کورد نییە لە کوردستان. کەواتە ئەمە رێککەوتنێکە کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، چونکە کارەبای زیاتر بۆ خەڵک بەرهەم دەهێنێت. بۆچی دژی بوەستنەوە؟ ئێوە باسی یاساییبوونی ئەم رێککەوتنانەتان کرد؟ باشە، ئەوانە بە تەواوی یاسایین، چونکە ئەم دوو کۆمپانیایە لە بوارە جیاوازەکاندا لە کوردستان کار دەکەن و گرێبەستەکانیان براوەتە دادگا و سێ جار دادگا لە بەغدا لە بەرژەوەندی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بڕیاری داوە. کەواتە درێژکردنەوەی بوارەکانیان و کارەکانیان لە کوردستان بە تەواوی یاساییە. لە راستیدا، دەستوور مافی داوە بە هەرێمی کوردستان کە رێککەوتنی زیاتر بکات لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندان. کەواتە بە تەواوی دەستوورییە، یاساییە و هەر ناکۆکییەک یان هەر بڕیار و لێدوانێک دژی ئەم رێککەوتنانە تەنیا لێدوانی سیاسی دەبن و هیچی دیکە. بێگومان، دەزانن، ئێمە دەمانەوێت وڵاتێکی ئاوەدانمان هەبێت. دەمانەوێت سەرۆکوەزیرانێک، حکومەتێکمان هەبێت کە رێز لە دەستوور بگرێت.  ئێمە رێزێکی زۆرمان بۆ سەرۆکوەزیران سوودانی هەیە.  هیوادارین کە وەک سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق بەردەوام بێت لە کارکردن و بە هەمان شێوە سەیری هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق بکات. بێگومان، هەر سەرۆکوەزیرانێک کە بەڵێن بدات خزمەتی هەموو وڵات بکات شایەنی پشتیوانیی گەلی عێراقە، بە ئێمەشەوە.
 
ئەمبرین زەمان: باشە، ئایا [سوودانی] لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە شتێکی جیاوازتان پێ دەڵێت؟ ئایا دەڵێت، سەیرکە، من بەڕاستی دەمەوێت ئەمە بکەم، بە کردنەوەی بۆرییەکەشەوە، بەڵام سەیرکە، دەستم بە فڵان و فیسارەوە بەستراوە؟ ئایا ئەو جۆرە گفتوگۆیانەتان هەیە؟ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کوێدا دەتوانێت بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە دەستوەردان بکات بۆ یارمەتیدان لە کردنەوەی ئەم گرێیە؟
 
مەسرور بارزانی: نەخێر، ئێمە هەمیشە گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەیە. ئەو هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردن دەربڕیوە.
 
ئەمبرین زەمان: ئێوە دیپلۆماتێکی زۆر لێهاتوون. باشە، دەچینە سەر ئەوەی کە گوتم، دەزانن، ئێمە هەرگیز باس لە جەنگ ناکەین، بەڵام لە سووریای دراوسێ، حکومەتێکی نوێ هەیە و هێشتا کێشەی داعش هەیە. ئایا دڵنیان کە ئەم حکومەتە نوێیەی سووریا، کە لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت کە پەیوەندییەکی لە جۆرێک لەگەڵ داعشدا هەبووە، لە قۆناخێکدا و وڵاتەکەی هێشتا زۆر پەرتەوازەیە و بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە هەیە، ئایا دڵنیان کە حکومەتەکەی دەتوانێت ئەم کێشەیە کۆنترۆڵ بکات و لە داهاتوودا سوودەکانی کارکردن لەگەڵ ئەو و لەگەڵ هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و بێگومان هەسەدە و بەردەوامبوون لە تێکشکاندن و لەناوبردنی داعش ببینن؟
 
مەسرور بارزانی: بێگومان سووریا بە چەند قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و سەردەمێکی نوێیە بۆ گەلی سووریا و حکومەتی سووریا. هەموومان رابردووی هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکە دەزانین. پێم وایە ئەم رژێمەش شایەنی دەرفەتێکە وەک چۆن بینیمان سەرۆک ترەمپ لە سەردانەکەیدا چاوی بە سەرۆک شەرع کەوت و بەڵێنی هەڵگرتنی سزاکانی دا نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، بەڵکو لەلایەن ئەوروپییەکانیشەوە؛ بینیومانە کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەش، بەڵێنی یارمەتیدانیان داوە ئەگەر رژێمی دیمەشق ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بێت. پێم وایە هەمووان شایەنی ئەو دەرفەتەن بۆ ئەوەی ببینن ئەنجام چی دەبێت. شتی باش لە هەموو لایەکەوە دەبیستین، دەزانین کە ئاسان نییە. وڵاتەکە هێشتا بە باشی کۆنترۆڵ نەکراوە. هێشتا زۆر لایەنی جیاواز هەن. هێشتا زۆر مشتومڕ هەیە دەربارەی سرووشت و پێکهاتەی حکومەتی داهاتووی سووریا. هیوادارین لە کۆتاییدا گەلی سووریا هەموویان پێکەوە کۆببنەوە. هەڵبژاردنێک ئەنجام دەدەن و دەستوورێکیان دەبێت کە رێز لە مافی هەموو گرووپ و پێکهاتە و کەمینەکان بگیرێت، جا کورد بن یان دروز و عەرەبی دیکە لە هەموو سووریادا. ئەمە بڕیارێکە گەلی سووریا دەبێت بیدات. بەڵام بە دڵنیاییەوە کاتێک دەبینین کە هەر کاتێک گەلی سووریا بڕیاریدا و لەسەر پێکهاتەیەک رێککەوت کە گونجاو بێت بۆیان، بێگومان، ئێمە پشتیوانیان دەکەین. ئەوان دراوسێی ئێمەن و ئێمە دەمانەوێت ئاشتی و گەشەپێدان لە ناوچەکەماندا پەرە پێبدەین، کە لە کۆتاییدا سوودی بۆ هەموومان دەبێت.
 
 ئەمبرین زەمان: ئێوە باسی دروستکردنی مۆدێلێکی نوێتان لە سووریا کرد و ئێمە مۆدێلێکمان هەیە کە عێراق، پێگەی فیدراڵیی بە ئێوەی کورد بەخشیوە؛ هەروەها دەزانین کە سەرۆکی کاتیی سووریا وا دیارە لەسەر سیستمێکی یەکگرتووی ناوەندی [مەرکەزی] زۆر سوورە. ئایا پێتان وایە ئەوە بۆ سووریا واقعییە؟ هەروەها دەزانین کە باوکتان، مەسعود بارزانی، رۆڵێکی زۆر گرنگی لە کۆکردنەوەی گرووپە ناکۆکەکانی سووریا و کوردستان گێڕاوە تاوەکو بتوانن بە یەکگرتوویی بچنە دیمەشق و هەوڵ بدەن باشترین رێککەوتن بۆ خۆیان بەدەستبهێنن. ئایا باوەڕتان وایە هیوایەک هەیە بۆ جۆرێک لە مۆدێلی زیاتر ناناوەندی [لا مەرکەزی] بۆ سووریا کە بەلای منەوە واقعیی دیارە؟ ئایا باوەڕتان وایە ئەکتەرە هەرێمییەکان، بەتایبەتی تورکیا، کە وا دیارە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر سووریا هەیە، لەگەڵ ئەوەدا دەبن؟

مەسرور بارزانی: سەیرکە، با سەرەتا سەیری عێراق بکەین. ئێمە سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە لە عێراق، بەڵام فیدراڵی تەنیا مرەکەبی سەر کاخەز نییە. فیدراڵی پێویستی بە جێبەجێکردنە بەو شێوەیەی کە دەبێت. بێگومان، ئێمە ئەمڕۆ لە عێراق کەموکوڕیمان هەیە لە جێبەجێکردنی دەستووردا. پێمان وایە فیدراڵی شتێکە کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی و باشترین سیستم دەبێت بۆ عێراق. لە ساڵی 2005ـدا، زۆرینەی گەلی عێراق دەنگیان دا و دەستووریان پەسند کرد. کەواتە ئەمە سیستمێکە کە بەڵێندەر بووە. هەرچەندە هێشتا ئاڵنگاری هەن، نەک لەبەرئەوەی فیدراڵی خراپە، بەڵکو لەبەرئەوەی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. بۆیە زۆر گرنگە کاتێک سیستمێکت هەیە، رێز لە سیستمەکە بگیرێت. ئەمە ئەوەیە کە ئێمە بۆ عێراق دەمانەوێت. ئێستا، بۆ سووریا، ئێوە بە تەواوی راست دەکەن. سەرۆک بارزانی هەردوو باڵی کوردانی سووریای بانگهێشت کرد بۆ هەولێر؛ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو لایەن و هانی دان کە پێکەوە کۆببنەوە. پێمان وایە بەرەی یەکگرتووی کوردی لە سووریا زۆر یارمەتیدەر دەبێت. هێزیان پێدەبەخشێت لە دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان، بەڵام بێگومان ئەوە بڕیاری خۆیانە چ جۆرە مۆدێلێک دەیانەوێت لەگەڵ دیمەشق دانوستاندنی لەسەر بکەن و چ جۆرە رێککەوتنێک دەیانەوێت لەگەڵ دیمەشقدا هەیانبێت. هەموو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە ببینین مافەکانی کورد رێزیان لێدەگیرێت و بێگومان لە کاتی دانوستاندنەکاندا باوەڕم وایە کە دەگەنە سیستمێک کە بۆ هەموویان بگونجێت. سەبارەت بە دراوسێکانی سووریا، تاوەکو ئێستا بینیومانە کە گرژییەکان کەمبوونەتەوە و هەمووان بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن یان ئامادەن سەیری ئەو دەرفەتە بکەن بۆ سووریا، کە نەک هەر لەناو خۆڵەمێشەوە هەستێتەوە، بەڵکو گەشەش بکات.

ئەمبرین زەمان: وا ئێمە لێرەین لە واشنتن و دەمەوێت پرسیارتان دەربارەی لێدوانەکانی وەزیر مارکۆ روبیۆ [وەزیری دەرەوە] سەبارەت بە کوردستان لێبکەم، کە پاراستنی ئۆتۆنۆمیی کورد چەندە گرنگە. ئایا هەست دەکەن لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا گۆڕانکارییەک لە پەیوەندیی نێوان کوردستان، ویلایەتە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە پێزانینمان بۆ لێدوانەکەی وەزیر [مارکۆ] روبیۆ هەیە. پێمان وایە بیستنی ئەو لێدوانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە زۆر گرنگ بوو، کە ئێمە بە نزیکترین هاوپەیمانی خۆمانی دەزانین. ئێمە هاوپەیمان و دۆستی سەربەرزی ویلایەتە یەکگرتووەکانین. راستگۆیانە بڵێم، ئێمە زۆر پشتیوانیی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ و بڕیارەکانی لە پەرەپێدانی ئاشتی، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی لە بەشە جیاوازەکانی جیهاندا. هەر بۆیەش ئێمە لێرەین، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە کوردستان نەک تەنیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هاوپەیمانان باشە، بەڵکو ئامادەشە لەگەڵ هاوپەیمانان بنیاد بنێت تاوەکو بتوانین خزمەتی گەلەکەمان و هەروەها وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان بکەین کە ئارەزوومەندن و ئامادەن بێنە کوردستان. کەواتە ئەمە دۆخێکی بردنەوە-بردنەوەیە بۆ هەمووان بەڵێ، ئێمە هەست بە پێشوازی دەکەین، هەست بەو پشتیوانییە دەکەین کە لێرە لە واشنتن هەمانە، ئێمە زۆر شانازی بەم پەیوەندییەوە دەکەین.

ئەمبرین زەمان: باشە، پێم وایە دەتوانین لەسەر ئەم خاڵە زۆر ئەرێنییە کۆتایی پێبهێنین. زۆر زۆر سوپاس.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.