رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان لە نێو دوو لیستی جیاوازی ئەحمەد جبووری ناسراو بە ئەبو مازن لە پارێزگای سەلاحەدین بەربژێریان دەبێت و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتیی مانگێک لەمەوبەر دەستپێشخەری کرد و سەردانی لایەنە کوردستانییەکانی کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئەمە سەری نەگرت، بۆیە لەگەڵ ئەحمەد جبووری ناسراو بە "ئەبو مازن" رێککەوتووە و لەنێو لیستەکەی ئەودا بەربژێریان دەبێت و تاوەکو ئێستا کەریم شوکر بەربژێریانە.
کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری قەزای خورماتووە لە پەرلەمان.
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق بە هەمان شێوە کەریم شوکر لەنێو لیستەکەی ئەبوو مازن خۆی بەربژێرکرد و دەرچوو. بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەبو مازن، بە دوو لیست بەشداری دەکات.
سەبارەت بە پارتیی دیموکراتیی کوردستان، کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین و نوێنەری پارتی لە پارێزگاکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەر کورد بە تەنیا بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەدەستهێنانی کورسی زەحمەت دەبێت، بۆیە دەبێت لەگەڵ لیستە عەرەبییەکان بەربژێریان هەبێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەبوو مازن لە پارێزگای سەلاحەدین بە دوو لیست بەشداری دەکات، لیستی جەماوەر و لیستی ئوساڵە، پارتی لەگەڵ ئەبو مازن بەشداری دەکات و لە یەکێک لەو دوو لیستە بەربژێری دەبێت و ژنێکیش بەربژێریانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ