دەستەی ژینگە: هیچ تیشکدانەوەیەکی ئەتۆم لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە

22-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بۆردوومانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، گوتەبێژی دەستەی ژینگە رایگەیاند، هیچ تیشکدانەوەیەک لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەی جەنگییەوە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی لە ئێران کردە ئامانج.
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە ئامێری پشکنین و تۆمارکردنی پیسبوونی ژینگە بە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان، هیچ تیشکدانەوەیەک تۆمار نەکراوە".
 
لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، رانیە و زاخۆ ئامێری پشکنینی پیسبوونی هەوا لە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان دانراون.
 
لەبارەی هێرشەکەیانەوە بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "زۆر سەرکەوتوو بووە".
 
دوای هێرشەکەی ئەمرۆ، دەزگای سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بژین و تیشکدانەوە تۆمار نەکراوە.
 
ئامێرەکانی پشکنینی تیشکدانەوەی ئەتۆم لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، لە یەک کاتدا و پێکەوە پشکنین بۆ هەوا دەکەن و لە هەبوونی تیشکی ئەتۆمیدا فەرمانگەکان ئاگادار دەکەنەوە.
 
زیانی تیشكدانەوەی ئەتۆم بەگوێرەی نزیکیی ناوچەکان کاریگەریی هەیە. کاریگەرییەکانی کوشندەن بۆ تەندروستیی مرۆڤ، ژینگە، خۆراک، خاک و ئاو.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە