جبووری: سوودانی لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک کۆدەبێتەوە

22-07-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێکهاتەی عەرەب، سوورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک. ئەندامێکی عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ: سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک کۆدەبێتەوە.
 
رەعد ساڵح حوسێن جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی عەرەبی، رۆژی دووشەممە 22-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن." 
 
بە گوتەی جبووری، لە چەند رۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
 
ئەو ئەندامە عەرەبە دەڵێت، "لەگەڵ  ئەوە نین ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبوەشێتەوە یاخود سەرۆکوەزیران پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنێ، یان خۆی ئیدارەی کەرکووک بدات، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسایە و هەڵبژاردن کراوە دەبێ بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێ."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە، یەکێتی پێنج، پارتی دوو کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی. پێکهاتەی عەرەبی شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسی هەیە.
 
رۆژی دووشەممە 22-07-2024 هەر شەش ئەندامە عەرەبەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رادەگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: "وەک گرووپی عەرەبی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە هەر شەش ئەندامەکەوە رادەگەیێنین، کە پێداگیرین لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ پێکهاتەی عەرەبی بێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەین دانوستاندن لەگەڵ پێکهاتە بەڕێزەکانی دیکەی کەرکووک بکەین، بەوپێیەی گەورەترین فراکسیۆنین."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی پێنج کورسییە و کورسی کریستیانیش نزیکە لەو حیزبە سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار.
 
پەروین فاتح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، رۆژی دووشەممە 22-07-2024 بە رووداوی گوت، "یەکێتی مکوڕە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بە شایشتە و بەشی خۆی دەزانێت، بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگ و کورسی هێناوە."
 
سەبارەت بە داواکاریی پێکهاتەی عەرەبی بۆ پۆستی پارێزگار، پەروین فاتح گوتی، "هەرلایەنێک ئازادە داوای ئەو پۆستە بکات، تاوەکو ئێستا گفتوگۆ و دانووستانەکان بەردەوامە، ئەنجامی گفتوگۆکان بڕیار دەدات پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کێ بێ."
 
رۆژی 18ی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، لە 28ى كانوونى 2024، ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە، نەتواندراوە پۆستى پارێزگارى کەرکووک و دیالە یەکلایی بکرێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە