رووداو دیجیتاڵ
مۆزەخانەی شوێنەواریی ئامەد دوو پارچە شوێنەوار نمایش دەکات کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەگمەنن. ئەم دوو پارچە شوێنەوارە لە کۆنترین و گەورەترین پەیکەری ئەندامی زاوزێی نێرینە لە جیهاندا دادەنرێن.
سامانە مێژووییە دەوڵەمەندەکەی ئامەد لە رێگەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی لە مۆزەخانەکانیدا نمایش دەکرێن، خۆی دەردەخات. یەکێک لەو پارچە شوێنەوارانە پەیکەرێکی 19 سانتیمەترییە کە بە "فالوس" ناسراوە و لە ساڵی 2010 لە گردی کۆرتیک لە پارێزگای ئەرزەڕوومی باکووری کوردستان دۆزرایەوە. ئەم پەیکەرە لە بەرد دروستکراوە و باوەڕ وایە تەمەنی نزیکەی 12,500 ساڵە، بەو جۆرەش بە کۆنترین پەیکەری ئەندامی زاوزێی نێرینە لە جیهاندا دادەنرێت.
پارچە شوێنەوارێکی دیکە کە لە مۆزەخانەکەدا نمایش دەکرێ لە ساڵی 1946 لە ئامەد دۆزراوەتەوە و درێژییەکەی نزیکەی یەک مەترە.
تەمەنی پەیکەرەکە بە نزیکەی 2500 ساڵ مەزەندە دەکرێ. ئەوەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین پەیکەرەکانی ئەندامی زاوزێی نێرینە تاوەکو ئێستا دۆزرابێتەوە.
مژدات گزلیگۆل، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئامەد دەڵێ، هەردوو پارچە شوێنەوارییەکە تیشک دەخەنە سەر مێژووی مرۆڤایەتی و گوتی، "بوونی ئەندامی نێرینە بە شێوەیەکی دیار و جەختکردنەوە لەسەری لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێدا ئەوە نیشان دەدات کە کولتووری پیاوسالاری باڵادەست بووە. هەروەها ئەوەشمان بۆ دەردەخات کە ئەندامی زاوزێی نێرینە هەمیشە هێمای هێز و دەسەڵات بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ