رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان گردبوونەوەی جەماوەری بە درووشمی (گۆشەگیری نا؛ ئازادی سەردەکەوێت) رێکدەخات.
رۆژی هەینی 22ی ئابی 2025 رێکخستنی لقی وانی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئامادەکارییەکان بۆ ئەو گردبوونەوەیەی بڕیارە کاژێر 17:00ی رۆژی شەممە 23ی مانگ لە پارکی موسا عەنتەر لە وان بەڕێوەبچێت، تەواو بوون.
گولشەن کورت، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە وان رایگەیاند، "بە قۆناخێکی مێژووییدا تێدەپەڕین. لە 27ی شوباتەوە بە (بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) لە هەموو بوارەکاندا کارەکانمان بەردەوام بوون. وەک خەڵکی وان، لە یەکەم رۆژەوە کە دەنگی ئاشتی بەرزبووەوە، پارتەکەمان و دامەزراوەکانمان لەگەڵ خەڵک کۆبوونەتەوە. پرۆسەکەمان لە رێگەی کۆبوونەوەوە لەگەڵ خەڵکی خۆمان تاوتوێ کردووە و پێشنیازەکانمان وەرگرتوون."
گولشەن کورت گوتیشی، "ئەمە قۆناخێکی مێژووییە. لە 50 ساڵی رابردوودا گەلی کورد بە تێکۆشانی خۆی بوونی خۆی بە هەموو جیهان نیشانداوە. ئەو بانگەوازەی بەڕێز ئۆجەلان کردی، رزگاربوونی هەموو گەلانی ژێردەستە. لە هەموو گۆڕەپان و کۆڵانێکدا کار بۆ بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراسی دەکەین. بۆیە چاوەڕێی هەموو خەڵکەکەمانین بۆ بەشداریکردن لەم گردبوونەوەیە."
جەمال دەمیر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لە وان رایگەیاند، "بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد و گەلی کورد هەمیشە لەگەڵ چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەکان بوون."
جەمال دەمیر لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارە قسەی کرد و گوتی، "پرۆسەکە بە ویستی گەورەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەردەوامە. تاوەکو ئێستا دەوڵەت هەنگاوی جیدی نەناوە. گردبوونەوەکەی سبەی لە هەمان کاتدا بانگەوازێکە بۆ دەسەڵات تاوەکو هەنگاو بنێت."
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ