کۆتایی 2026 ماوەی کارکردن بە یاداشتی هاوبەشی پێشمەرگە و پێنتاگۆن کۆتایی دێت؛ چی روودەدات؟

22-09-2025
دیار کوردە @diyarkurda
کۆتایی 2026 ماوەی کارکردن بە یاداشتی هاوبەشی پێشمەرگە و پێنتاگۆن کۆتایی دێت
کۆتایی 2026 ماوەی کارکردن بە یاداشتی هاوبەشی پێشمەرگە و پێنتاگۆن کۆتایی دێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا و هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە ساڵی 2016 بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی ئەو هێزانە واژۆ کردووە، یاداشتەکە لە ساڵی 2022 بۆ چوار ساڵی دیکە درێژکراوەتەوە، واتە تاوەکو کۆتایی ئەیلوولی 2026.
 
بەشێکی زۆری ئەو هاوکارییە سەربازیانەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ساڵانە لە رێگەی بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دیاریدەکرێت، لە چوارچێوەی ئەو یاداشتەدایە.
 
بەرپرسی پێشووی مەلەفی عێراق و ئێرانیش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بۆئەوەی ئەو هاوکاریانە بەردەوامبن، پێویستە بڕگەکانی ئەو یاداشتە چالاکانە جێبەجێ بکات و دووپاتیشی بکاتەوە واشنتن سوود لە هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەبینێت.
 
ڤیکتۆریا تەیلەر، بەرپرسی پێشووی مەلەفی عێراق و ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ''پێموایە و بێگومان ئەمریکا سەرنجێکی زۆری لەسەر چاکسازییەکانی پێشمەرگەیە، ئەمەش هۆکاری هەبوونی یاداشتی لێکتێگەیشتنە لە نێوانمان و رازیبوونی ئەمریکا بە دابینکردنی مووچە بۆ پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتن هەیە لە چاکسازییەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتەکەش، بەڵام هێشتا کاری زۆری دیکەش هەیە دەبێت بکرێن، بۆیە گرنگە کاتێک ئێمە بەرەو ساڵی 2026 و کۆتاییهاتنی ئەو یاداشتە دەچین، گرنگە هەرێمی کوردستان زۆر چالاکانە ئەو یاداشتە جێبەجێ بکات، ئیدارەی ئەمریکا پێشانی جیهانی داوە کە سەرنجی زیاتری لەسەر ئەوەیە ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکە، ئەمەش واتە سەرنجی کەمتر لەسەر هاوکاری بیانی مەدەنی و سەربازی، بۆیە پێموایە گرنگە هەرێمی کوردستان جەخت لەوە بکاتەوە کە ئەمریکا سوود لەوە وەبەرهێنانە لە (هەرێمی کوردستان) وەردەگرێت.''
 
چونکە یاداشتی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و پێنتاگۆن لە ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، لە پڕۆژەی بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026 هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دابین نەکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2025 نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار تەرخان کرابوو، بەڵام هاوکارییە سەربازی و داراییەکانی دیکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بۆ ساڵی داهاتوو، نزیکەی 61 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە، کە ئەم پارەیە بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی سەربازی و پێویستییە سەربازییەکانی دیکە دابین دەکرێت.
 
بە گشتیش ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، پێزانینی زۆریان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هاوبەشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات داوای بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
 
جۆ وێڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت: ''پێزانینێکی زۆرم هەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرکەوتنی ناوچەی دژە فڕینی باکوورە، سەرکەوتوونی ئابووری، دەرفەتێکە و دەبێت ببێت بە مۆدێلی تەواوی عێراق. بۆیە من پشتیوانی تەواو لەوە دەکەم کە بەغدا لە نزیکەوە کار لەگەڵ هەولێر بکات، ئێمە باشترینمان بۆ عێراق دەوێت، ئەمەش لە رێگەی هەبوونی عێراقێکی پارێزراو و خاوەن سەروەری دەکرێت، ئەمە هەمان پەیامە بۆ لوبنان و بۆ سووریاش هەمانە، ئەنجامەکەشی ئاشتی و خۆشگوزەرانییە بۆ عێراق.''
 
هێشتا روون نییە، ئەو یاداشتەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن نوێدەکرێتەوە یان بەشێوازێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەمریکا رێکدەخرێتەوە، دواینجاریش، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتەکە و بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. 
 
بڕیارە پڕۆژە بودجەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول لە لایەن کۆنگرێسەوە پەسند بکرێت و رەوانەی کۆشکی سپی بکرێت، دوای واژۆکردنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بە یاسا و جێبەجێدەکرێت، ئەوەی لە واشنتنیش روونە، رەنگە گۆڕنکاری بەسەر جۆر و بڕی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە دابێت، بەڵام پشتیوانییەکان بەردەوامدەبن و هێزەکانی پێشمەرگە وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێننەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە