نەرمین مەعرووف: پێشبینی دەکرێت هەفتەى داهاتوو رێکارەکانى ناردنى 700 ملیار دینارەکە دەستپێبکات

22-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن 700 ملیارەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان داهات و خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەمى رادەستى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە. ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکرێت هەفتەى داهاتوو دەست بە ناردنى 700 ملیار دینارەکە بکرێت."

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەستى کەوتووە، رۆژی 20ـى تشرینى دووەم وەزارەتەکە راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوە (داهات و خەرجی)ـی مانگى تشرینى یەکەمی بۆ بەغدا ناردووە کە مەرجى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى بووە بۆ ناردنى 700 ملیار دینارەکە.
 
رۆژی 22ـى تشرینى دووەمى 2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی  و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا گوتی، "حکومەت دوایین پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتەکانی ناردووەتە بەغدا و تیمیشمان ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر ئەم پرسە بچێتەوە بەغدا. ئەوەی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقیشەوە پێمانگەیشتووە ئەوەیە کە ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان."
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو پرسە بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، "لە یەکشەممەى داهاتووەوە (26ـى تشرینى دووەم) رێکارەکانى ناردنى سێیەم گوژمەى 700 ملیار دینارى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژى پێنجشەممە ئەگەر هەموو بڕە پارەکەش نەنێردرێت، بەشێکى دەنێردرێت."
 
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران، کە تاوەکو ئێستا یەک تریلیۆن و 400  ملیار دینارى  بۆ مانگەکانى ئەیلوول و تشرینى یەکەم ناردووە.
 
د.نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، لەدواى ناردنى تەرازووى پێداوچوونەوەکە لەلایەن وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانەوە، پێشبینی دەکرێت هەفتەى داهاتوو دەست بەناردنى 700 ملیار دینارەکە بکرێت.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەو دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارە وەک قەرز لە رێگەى بانکەکانى رەشید، رافیدەین، تى بی ئاى دەدرێتە هەرێمى کوردستان و لە پشکەکەى بۆ ساڵى 2024 دەبڕدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان