رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و، پارەکە "بەزووترین کات" دوای تەواوکردنی رێکارەکان دەنێردرێت.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، دوای تەواوکردنی رێکارەکان "لە نزیکترین کاتدا" 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
24ـی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مووچەخۆران دابەشبکات، رایگەیاند، بەو شێوەیە بەردەوام دەبن کە رێککەوتنی لەسەر کراوە و لە مانگی 12ـی ئەم ساڵیشدا پاکتاوی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چەند پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و شایستەی هەرێمی کوردستان چەندە.
14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا یەک پشکی ئەو 700 ملیارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و لەگەڵ داهاتی نێوخۆدا دراوە بە مووچەی مانگی تەممووز. هێشتا مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ