رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەشت نووسینگە ناوی مامۆستایانی ئایینی تۆمار دەکەن بۆ بوون بە مورشیدی حەج لە ساڵی داهاتوودا؛ دەشڵێت، بۆ هەر مورشیدێک سێ کەس بە تیروپشک هەڵدەبژێرن و دواتر بە تاقیکردنەوە کەسێکیان دەبێتە مورشید.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 22-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مامۆستایانی ئایینی لە هەشت نووسینگە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن ناویان تۆمار بکەن بۆ بوون بە مورشیدی ئایینی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو؛ ئامانجمانە تۆماری ناوی مامۆستایان کە پێشتریش هەمان بووە نوێ بکەینەوە. مامۆستا هەیە پێشتر ناوی تۆمارکردووە و ئێستا لە ژیاندا نەماوە یان خوێندکارە و نایەوێت ببێتە مورشید".
مورشیدی حەج ئەو کەسانەن کە لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا رێنوێنی هاونیشتمانیان دەکەن.
لەبارەی چۆنییەتی هەڵبژاردنی مورشیدەکان، کاروان ستوونی گوتی، لە هەرشوێنێک پێویستیان بە مورشیدێک هەبێت لە تیروپشکێکدا سێ کەس هەڵدەبژێرن، دواتر تاقیکردنەوەیەکیان پێدەکەن و یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت.
ساڵی رابردوو 34 کەس وەکو مورشیدی حەج هەڵبژێردران. جارێ دیار نییە ئەمساڵ چەند کەس هەڵدەبژێردرێن؛ ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن لەسەر ئەستۆی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان حەج دەکەن و تێچووی حەجەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.
قسەکانی گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئاگاداری سهرجهم مامۆستایانی ئایینی دهکەینەوە، ئهوانهی ئارهزوومهندن بۆ ئهوهی بخرێنه تیروپشكەوە بۆ بوون به مورشیدی ئایینی بۆ حهجی ساڵی 2024 داواكاری پێشکێشی نووسینگهكانی حهج و عومرەی سنووری خۆیان بکەن، ئەویش دوای هێنانی پشتگیری له بهڕێوهبهرایهتیی ئهوقافی سنوورەکەیان؛ ئەوانەشی پار پڕیانکردووەتەوە دەبێت ئەمساڵیش داواكاری و پشتگیری ئهوقاف پێشكهش بكهن به مهبهستی نوێكردنەوەی زانیارییهكانیان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوایین کات بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بۆ بوون بە مورشیدی حەج، 1ـی مانگی داهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ