شوان محەممەد: ئەعرەجی و شەتری زۆرترین چانسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە

22-11-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 26ـی گوڵانی پارتی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 26ـی گوڵانی پارتی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی پارتی دەڵێت، پێکهێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایانەوێ کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق پێگەیەکی بەهێزی لەنێو پەرلەمان هەبێ بۆ ئەوەی نەبێتە سەرکردەیەکی بەهێز. ئاماژە بەوەش دەکات، قاسم ئەعرەجی و حەمید شەتری زۆرترین چانسیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە هەیە.
 
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 26ـی گوڵانی پارتی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گوتی، هێزە شیعەکان (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بە دوو شاند دەستیان بە گفتوگۆ کردووە؛ شاندێکیان بۆ نێوخۆ و ئەوی دیکە بۆ دەرەوە.
 
"سەرۆکوەزیران دەبێتە وەزیری یەکەم"
 
بە بڕوای شوان محەممەد، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێ بەرنامەی حکومەت لەلایەن خۆیانەوە دابنرێ و سەرۆکی حکومەت تەنیا جێبەجێکار بێت. 
 
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: "ئەوەی دەبێتە سەرۆکی حکومەت، دەبێتە وەزیری یەکەم نەوەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، واتە بڕیارەکان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەردەچن و ئەو تەنیا جێبەجێیان دەکات."
 
شوان محەممەد تەها هۆکاری ئەمەش بۆ "ترس و دڵەڕاوکێ"ـی لایەنە شیعەکان دەگەڕێنێتەوە لەوەی کەسێک بچێتە پێشەوە و ببێتە خاوەن پێگە و لەلایەن دەرەوە (ئەمریكا یان ئێران) پشتیوانی بکرێ و لە دەستی ئەوان دەربچێت.
 
کێ دەبێتە سەرۆکوەزیران؟
 
سەبارەت بە بەربژێرەکان، شوان محەممەد تەها پێیوایە، محەممەد شیاع سوودانی بەهۆی زۆریی دەنگەکانییەوە چانسی مانەوەی نییە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی قبووڵی ناکەن، چونکە متمانەیان پێی نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە مستەفا کازمی هیچ چانسێکی نییە و دۆخی حەیدەر عەبادیش یەکلایی نەبووەتەوە بەهۆی ڤیتۆی دەوڵەتی یاساوە.
 
شوان محەممەد تەها دەڵێت: "تاوەکو ئێستا قاسم ئەعرەجی و حەمید شەتری زۆرترین چانسیان هەیە، چونکە مەرجەکانیان تێدایە کە بریتین لەوەی ئێران رازی بێ، رەزامەندیی ئەمریکایان لەسەر بێت و وڵاتانی کەنداویش قبووڵیان بن؛ هەروەها فراکسیۆنی بەهێزیشیان نییە."
 
مەرجەکانی پارتی بۆ بەشداریکردن
 
سەبارەت بە مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، بەرپرسەکەی پارتی گوتی، مەرجی ئەوان پۆست و وەزارەت نییە، بەڵکو "کارنامەی حکومەتە". گوتیشی: "پارتی دەیەوێ دۆسیەی کورد لە عێراقدا لە بابەتی کارمەند و مووچەخۆرەوە بگۆڕدرێ بۆ شەراکەت و بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، دیارترین مەرجەکانی حیزبەکەی بریتین لە پۆستی سەرۆککۆمار کە وەک بەرکەوتەی کورد دەمێنێتەوە، جێبەجێکردنی مادەی 140 و چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکان و پرسی پڕچەککردنی پێشمەرگە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شوان محەممەد تەها رایگەیاند، پۆستی سەرۆککۆمار "پۆستی کوردە نەوەک لایەنێکی سیاسی دیاریکراو".
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی بڵێت ئەم پۆستە موڵکی منە و تاپۆی رەشە، پارتی ئەوە قبووڵ ناکات. دەبێت لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە بڕیار لەسەر ئەو پۆستە بدەن بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە