لەسەر لاساییکردنەوەی مامۆستایەک، پەروەردەی سلێمانی داوای رێکاری یاسایی بەرامبەر خێزانێک دەکات

23-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەسەر لاساییکردنەوەی مامۆستایەک، پەروەردەی سلێـمانی خێزانی قوتابییەک دەداتە دادگە، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو قوتابییە و خێزانەکەی بگیرێتەبەر.''
 
لە دوو رۆژی رابردوودا، گرتەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، تێیدا قوتابییەکی کچ لە قۆناخی بنەڕەتی لاسایی مامۆستای کۆمەڵایەتیی دەکاتەوە و دەڵێت: "مامۆستای کۆمەڵایەتیمان ئەوەندە لووتی بەرزە،" جووڵە بە دەست و چاوی دەکات و دەنگی خۆی وەکو هی مامۆستاکەی لێدەکات و دەڵێت: "ئەوە لە بەکالۆری دەست و خەتتان ئاوابێ سفر دێنن، داوەشێن بۆ ناخوێنن."
 
ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چەندین مامۆستا و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هێنایە دەنگ و بە و ناوزڕاندن بە مامۆستاکە ناویان برد.
 
رۆژی شەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەبارە گرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەداخەوە ئەمە دیاردەیەکی ناشیرینە و لەڕووی دەروونییەوە کاردانەوەیەکی خراپی لەسەر کۆی مامۆستایان دەبێت."
 
نەژاد عەبدوڵڵا دەڵێت: "بەپێی بەندی 52 و 53 لە سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و خوێندنگە ئامادەییەکانی ساڵی 2009، دەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو خوێندکارە بگیرێتەبەر و تێبگەیێنرێت، نابێت بەم شێوازە هەڵسوکەوت لەگەڵ مامۆستا بکرێت و بڵاوبکرێتەوە."
 
سەبارەت بە خێزانەکەشی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "ئەگەر مامۆستاکە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات، ئەوە ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، هەروەها بەخێوکەری قوتابییەکەیە، رەوانەی دەدرێنە دادگە، بەپێی مادەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بودجە و پارەی بەشەخۆراک تاوتوێ دەکات

بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیە کۆببێتەوە، کە دیارترینیان جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە.