رووداو دیجیتاڵ
عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە لەبارەی کۆبوونەوەی حیزبەکەی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، بە مالیکی و شاندەکەیان گوتووە یەکێتی و پارتی پێکەوە دەچنە بەغدا و هاوهەڵوێستن لەسەر کۆی ئەو پرسانەی بە بەغدایان دەبەستێتەوە.
شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی سەردانی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد، لە کۆبوونەوەکاندا رەوشی عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی 10-10-2021 و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێکران.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بارەگای بارزانی سەردانی سەرۆک بارزانی کرد، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیش ئامادەی دانیشتنەکە بوو، شاندەکە بۆ وەرگرتنی بۆچوون و سەرنجی سەرۆک بارزانی بوو لەبارەی بەشداریکردنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە حکومەتی داهاتووی عێراق.
دواتر شاندەکە چوونە مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیدا کۆبوونەوە، گوتەبێژی پارتی دەڵێت، سەرۆک بارزانی بە نووری مالیکی گوت، "ئازارتان داوین لە رابردوو"، گوتەبێژەکەی پارتی دەشڵێت، پێشنیازێکی نوێ لە کۆبوونەوەکە خراوەتەڕوو.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئێمە زۆر لەو حکومەتانەی پێشوومان تاقیکردووەتەوە، نە لە بابەتی ئەمنییەت زۆر سەرکەوتوو بوون، نە لەوەی حکومەت ببێتە حکومەتێکی سەرەکی و حکومەتێکی سێبەر دەسەڵاتی بەسەردا نەبێت و سەرکەوتوو نەبوو، نە توانییان ئەو کێشە موزمینانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە چارەسەری بکەن".
هەمان شاند دوای پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشیان کرد. عیماد ئەحمەد لەو بارەوە دەڵێت، "وەکو شاندێکی هاوبەش لە یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکەیش ئەوەی بیەوێت بەشداربێت دێینە بەغدا، بە بەرنامەیەکی هاوبەش دێینە بەغدا بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی رەوای گەلەکەمان بکەین، داکۆکی تەواو لە تەواوی ئەو دەنگانە بکەین کە هێناومانە لە پەرلەمانی عێراق بە قەبارەی خۆمان و بە هاوبەشیی خۆمان بە رێککەوتنی هەردوولا و لاکانی دیکەی ناو عێراق بتوانین ئەو دەستوورە کە زۆربەی خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە ئەو دەستوورە جێبەجێ بکەین".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە حەوت لایەنی سیاسیی عێراقی پێکدێت کە پێکەوە هاوپەیمانێتییەکی خاوەن 60 کورسییان پێکهێناوە، نووری مالیکی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی دیارترین سەرکردەکانی هاوئاهەنگییەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ