رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی 15٪ی قەرزی هاوبەشانی کارەبای بۆ کۆتایی مانگی داهاتوو راگەیاند، گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزی وەزارەت لای هاوبەشانی کارەبایە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، رۆژی چوارشەممە22/12/2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە یەکەمجار نییە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی هاوبەشانی کارەبا درێژدەکرێتەوە، ئەم درێژکردنەوەیەش بە ئامانجی،"پێدانی کاتی زیاترە بە هاونیشتمانیان بۆ ئەوەی زیاتر دەرفەتیان هەبێت لێخۆشبوونەکە بیانگرێتەوە و سوودمەندبن، لەهەمانکاتیشدا کارئاسانییە بۆ خەڵک و هەڵگرتنی بارقورسییە لەسەر هاونیشتمانیان".
سەبارەت بەو قەزری کارەبا کە لەلای هاونیشتمانیانە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "قەرزی کارەبای نیشتمانی، کە لەلای هاونیشتمانیانە لە سەرووی ترلیۆنێک و 300 ملیار دینارە، بۆ ساڵی نوێش بە هەمان شێواز قەرزەکە وەردەگیرێتەوە".
ئایا وەزارەت لە پلانیدا هەیە بڕی لێخۆشبوونی قەرزەکە زیاد بکات و ماوەی لێخۆشبوون دوای ئەو وادەیە درێژبکاتەوە؟ ئومێد ئەحمەد گوتی: "پارەی کارەبا موڵکی گشتییە، ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتدا نییە، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بڕیارێکی لەوشێوەیەی هەیە".
بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون بۆ هاوبەشانی کارەبای نیشتمانیی لە هەرێمی کوردستان یەکەمجار نییە، دوایینجاریش بڕیارەکە لە 01-11-2021وە درێژکرایەوە بۆ 01-12-2021، رۆژی چوارشەممەش وەزارەتی کارەبا بە نووسراوێک کە واژۆی کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، بڕیاریدا ماوەی لێخۆشبوونەکە بۆ 31-01-2021 درێژبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ