رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ رۆژە شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا بەردەوامن، بەڵام لە قۆناخەکانی کۆتاییداین".
21ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، تیمێکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە، لە سێشەممەوە هەردوو تیم دەستبەکار بوون و ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا تیمە هاوبەشەکە بەردەوامن لە کارکردن، کارەکان و رێکارەکان تەواو نەبوون، بەڵام نزیکن لە کۆتایی".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئەگەر کارەکان ئەمڕۆ تەواو نەبن، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو هەموو ئامادەکارییەکان دەکرێن و تەواو دەبن".
هاوکات سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئامانج لە هاتنی شاندی عێراق ئامادەکردنی راپۆرتێکە لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 و چۆنیەتیی رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان".
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12، بە گوتەی سۆران عومەر، هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و دەکەوێتە سەر ئەنجامی سەردانی هەفتەی داهاتووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەوکات بڕیاری لەبارەوە دەدرێت و یەکلادەبێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئێمە کێشەیەکمان هەیە، نابێت حکومەت لەسەر لیستی مووچەی ساڵی 2024 بڕوات و پێویستە نوێ بکرێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ پێویستی بە 12 ترلیۆنە بۆ مووچەی ساڵی 2025 لەکاتێکدا لە ساڵی 2024 هەرێمی کوردستان 11 ترلیۆنی هەبوو لە پشکی بودجە".
بە گوتەی سۆران عومەر، "ئەم ساڵ مووچەی خانەنشیان هاوتای بەغدا کرا، هەروەها مووچەی مامۆستایانی گرێبەست کە لەسەر داهاتی ناوخۆ دەدرێت و زیاتر لە 56 هەزار کەس هەیە لە دەرچووە یەکەمەکان و دەرچووانی بڕوانامە باڵاکان کە پێویستیان بە دامەزراندنە، بۆیە دەبێ پشکی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "لە بەرامبەر ئەوەدا شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە مانگانە 50%ی داهاتی نانەوتی کە نزیکەی 80 ملیار دینارە، رادەست بکەن. لە بەرامبەردا، بەغدا مووچەی تەواوی 12 مانگ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە نزیکەی 12 تریلیۆن دینارە".
ئەو راسپاردانەى لیژنەى هەولێر و بەغدا ئامادەى دەکەن، دەبێتە رێککەوتنی نێوانیان و بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەى بڕیارى لەسەر بدرێت.
20ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، هاوڕا بوون ئاستەنگەکانی بەردەم مووچە لاببرێن و بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکرێت، کە تێیدا "بڕیاری پێویست" لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
هەر لە راگەیێندراوەکدا هاتبوو، "لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا"، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرد، "هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ