رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی کۆچبەرانی کورد کە لە لیبیا گیریان خواردبوو، گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، پرۆسەکە بەردەوامە و هەر ئەمڕۆ 97 کۆچبەری دیکەش دەگەڕێنرێنەوە.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، رۆژی هەینی 23-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکەم کاروانی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی لیبیا دەستیپێکرد و 100 کۆچبەر بە سەلامەتی گەیشتنەوە هەولێر."
سەحاف ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە لێرەدا ناوەستێت و کاروانی دووەمیش ئامادەیە؛ بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەستبکرێت بە گەڕاندنەوەی 97 کۆچبەری دیکە بۆ عێراق.
پرۆسەی گواستنەوەی کۆچبەرەکان لەڕێگەی فڕۆکەی جۆری C130ـی هێزی ئاسمانیی عێراقەوە کراوە.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان "لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێ دەکرێت و وەزارەتی دەرەوەش هەوڵێکی نیشتمانیی باڵای بۆ زامنکردنی سەلامەتییان داوە."
بە گوێرەی داتاکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی هەرێمی کوردستانن. ئەوان پێشتر بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا روویان لەو وڵاتە کردبوو، بەڵام لە دەریای ناوەڕاست و سنوورەکانی لیبیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرابوون.
پێشتر سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی JCC بە رووداوی راگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ گەڕاندنەوەیان و تەواوی تێچووی گەڕانەوەکەشیان لە ئەستۆ گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ