لە 7 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی تورکیا هۆشداری دەدات کە لە 23 پارێزگا کەشوهەوا نالەبار دەبێت و لە 7 پارێزگای باکووری کوردستانیش بەفرێکی زۆر دەبارێت. دەشڵێت، "شەپۆلەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا بۆ رۆژی هەینی (23-01-2026) هۆشداریی لەبارەی بەفربارین و زریان بۆ 23 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە. بە گوێرەی پێشبینییەکان، لەو ژمارەیە لە 12 پارێزگایان دا بەفرێکی چڕ دەبارێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی کەشناسی، پشکی شێری بەفربارینەکە  بە پارێزگاکانی باکووری کوردستان دەکەوێت، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی: سێواز، خارپێت، دێرسم، بەدلیس، چەولیگ، مەڵەتی و مەرەش.
 
کەشناسی هۆشداری دەداتە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە بەهۆی زۆریی بەفربارینەکەوە مەترسیی دروستبوونی رنوو، شەختە و ئاستەنگی هاتووچۆ هەیە، بۆیە داوا دەکات هاووڵاتییان و شۆفێران هۆشیار بن.
 
پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە سبەی شەممە و رۆژی یەکشەممەش بەردەوام بێت و لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێکی سەرما بۆ ناوچەکە بهێنێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە