هاوارێک لە خەڵکی کۆبانێوە؛' بەفر و سەرمایە و سووتەمەنی، نان و ئاو نەماوە'

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە شاری کۆبانێ دەڵێت، لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی شارەکە دراوە و کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و نان نەماوە. داوا دەکات رێڕەوی مرۆیی بۆ شارەکە بکرێتەوە و هاوکاری پێ بگەیێندرێت.
 
نۆ رۆژە کارەبا لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بڕدراوە و بەهۆیەوە ئاویش نەماوە و رێگاکانی شارەکەش بە دەرەوە داخراون، گاندی داود، هاونیشتمانی لە کۆبانی، رۆژی هەینی 23-1-2026  لەکاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە وارشین ساڵح پێشکێشی کرد باسی لە دۆخی هاونیشتمانییانی ئەو شارە کرد و داوای کرد، "بەپەلە رێڕەوێکی مرۆیی بکرێتەوە".
 
گاندی داود لە کۆبانێوە بە رووداوی راگەیاند: "بەفر دەبارێ و سەرمایە، دەرمان لە نەخۆشخانەکان نەماوە، سووتەمەنی نەماوە، خەڵکێکی زۆر کە لە گوندەکانی کۆبانێوە ئاوارەبوون لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا ماونەتەوە؛ نە کارەبا هەیە و نە ئاو؛ نانیش نەماوە".
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "داواکارین شتێک بۆ ئەم خەڵکە بکرێت، کە لەم دۆخە ساردەدا نەوتیش نییە بۆ گەرمکردنەوە بەکاری بهێنین".
 
لە کۆبانێ هێڵی ئینتەرنێتیش نەماوە، گاندی داود گوتی، ماڵ هەیە لە کۆبانێ جێگەی 10 ماڵباتی کردووەتەوە، بەشێکی ئاوارەکانیش لە قوتابخانەکاندا جێگەیان بۆ کراوەتەوە.
 
گاندی رایگەیاند:"گەمارۆی تووند لەسەر کۆبانێ بەردەوامە، نانەواخانەکان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە ناتوانن کار بکەن و نان بکەن".
 
ئەو هاونیشتمانییە داوای بەپەلە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە کۆبانێ دەکات و دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هاوکارییەک نەگەیشتووە، ئەم دۆخە بەردەوام بێت، کۆبانێ بە بێدەنگی کۆمەڵکوژ دەکرێ".
 
بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو رێگەیانەی کۆبانێ بە شارەکانی دیکەوە دەبەستێتەوە داخراون.
 
شەوی رابردوو تۆڕی میدیایی رووداو کەمپەینێکی بۆ کۆردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و بڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.
 
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "100 هەزار لیتر نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان لە رێگەدایە و دوێنێ لە قامشلۆ هاوکارییان دابەشکردووە و هەوڵ دەدەن هاوکاری بگەیێننە کۆبانێش".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە