رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنەکەسە رایدەگەیێنێت کە لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی رێڕۆی مرۆیی بەرەو کۆبانی بکرێتەوە و کار لەسەر ئەوەش دەکەن ئاگربەستی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا درێژ بکرێتەوە.
رۆژی هەینی، 23-01-2026، مهاباد تەزیانی، نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە دیمەشق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی کۆبانیی رۆژئاوای کوردستان کە لەژێر گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریادایە رایگەیاند، ''گەمارۆکە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خەڵکی ئێمە.''
مهاباد تەزیانی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی گەمارۆی سەر شارەکە لاببرێت، ''پەیوەندیمان بە هەر لایەنێکەوە کردووە کە بەرپرسیارن لە بابەتەکە و تەواو هەوڵی خۆمان دەدەین.''
گەمارۆی سەر کۆبانی لەکاتێکدایە کە ئاگربەستێکی کاتی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا هەیە. نوێنەری ئەنەکەسە لە دیمەشق ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەگەر ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە، دەرفەتێکمان دەبێ بۆ ئەوەی بتوانین لەبارەی کۆبانییەوە کارێک بکەین''.
بە گوتەی مهاباد تەزیانی، دوایین هەوڵیان لەگەڵ حکومەتی سووریا کاژێر 15:00ـی دوێنێ پێنجشەممە بووە، ''بەڵام پرسەکان تەنیا لە دەستی یەک لایەندا نین. بابەتەکە ئاڵۆزە و کاری لەسەر دەکەین. گوشارێکی باشمان دروست کردووە، کە بە زووترین کات کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکیان [بۆ کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی بۆ کۆبانی] دیاری نەکردووە.''
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و سەرەڕای گەمارۆکان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر کۆبانی بڕاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ