رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی هۆشداری دەدات کە خوازیاری شەڕ نییە، ''بەڵام ئەگەر بەرنامەیەک بۆ نەهێشتنی کورد لە رۆژئاوی کوردستان هەبێ، ئەو کاتە ئێمە هەموومان یەکین''؛ دەشڵێت، نابێ شەڕی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا بەرەو شەڕی کورد و عەرەب بچێت.
رۆژی هەینی، 23-01-2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە، پرسی رۆژئاوای کوردستان، سووریا و ناوچەکە وڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
''ئیتاڵیا لە پاڵپشتیی کوردستان و پێشمەرگە بەردەوام دەبێ''
سەرۆک بارزانی گوتی: ''بێگومان ئیتاڵیا هەمووکات هەڵوێستێكی زۆر دۆستانەی بەرامبەر گەلی کوردستان هەبووە و دۆستی ئێمەن. چی قەداسەتی پاپا، چی وەزیری دەرەوە، چی وەزیری بەرگری کە بینیمن.''
یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی سەردانەکە، دیداری سەرۆک بارزانی بوو لەگەڵ پاپا لیۆی 14هەم، پاپای ڤاتیکان. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان قەداسەتی پاپا زۆر بە لوتف بوو و دیار بوو زۆریش ئاگاداری دۆخەکەیە. زۆر پەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە ئەگەر بێتە عێراق، بێتە کوردستانیش.''
سەرۆک بارزانی دەڵێت، بەرپرسانی ئیتاڵیا جەختیان لە پاڵپشتی و بەردەوامبوونی پشتیوانییان لە کوردستان و پێشمەرگە کردووەتەوە و ''گوتیان ئەوەی پێیان بکرێ لەگەڵ دۆستەکانیان وەک وڵاتانی دیکەی ئەورووپا و ئەمریکا هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکرێ. بەتایبەتی ئەو دۆخەی ئاڵۆزەی کە ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هەیە و نابێ ستەم لە کورد بکرێ.''
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لە رۆمای پایتەخی ئیتاڵیاوە ئاراستەی گەلی کورد کرد و گوتی، ''پەیامی من ئەوەیە کە بەرگری لە مافی کورد بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پاڵپشتی لە تووندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەتی کە ئێستا لە سووریا مەسەلەی عەرەب هەیە. شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە، نابێ کورد بەرەو ئەوە بچێت.''
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەکاتێکدایە کە سوپای عەرەبیی سووریا لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشی کردووەتەوە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەشێکی ناوچەکانی داگیر کردووە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ''دەبێ پشتیوانی لە کورد بکرێ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نابێ رێگەخۆشکەر بین بۆ ئەوەی ببێتە شەڕی دوو نەتەوە.''
''تەعدا لە کورد قبووڵکراو نییە''
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لە پەیامێک کرد کە لە رێگەی کەسێکەوە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەری ناردووە کە ''شەڕ لەنێوان دوو هێزی سیاسی دەبێ چارەسەر بکرێ، بەڵام بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە، دەستدرێکی بکرێتە سەر کورد."
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی سووریا داوای کردووە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵدا بکات، ''منیش قسەم لەگەڵ کرد. [ئەحمەد شەرع] جەختی لەوە کردەوە کە موستەحیلە و ئێمە رێگە نادەین [هێرش بکرێتە سەر کورد] ئەمە ببێت.''
سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کە لە هەولێر بەڕێوەچوو هەندێک زانیاری خستەڕوو و گوتی: ''ئێمە هەر لە کۆبوونەوەکەدا بووین کە پەیام دوای پەیام هات شەڕ (لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا) دەستیپێکردووەتەوە.''
سەرۆک بارزانی رۆڵی هۆزە عەرەبەکان لە روودانی شەڕی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە بە نەرێنی دەزانێت و دەڵێت: ''ئەو عەشایرە عەرەبانەی کە لەگەڵ بەشار ئەسەد بوون، پاشان کە داعش هات پەیوەندییان بە داعشەوە کرد. داعشیش رۆیشت، پەیوەندییان بە هەسەدە کرد و ئێستا کە هێزی دیمەشق هاتووەتەوە، جارێکی دیکە (وەلایی) خۆیان گۆڕیوە و ناوچەکەیان رادەستی هێزەکانی دیمەشق کردووە، ئەگەر نا شەرێکی ئەوتۆ نەبوو''.
لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە داگیر کراون. سەرۆک بارزانی ئاماژەی دا، ''ئێستا ئەو ناوچە کوردییانەی کە بەدەستەوە ماون، هەموو هەوڵمان ئەوەیە بمێنن و پارێزراو بن. هەروەها مافی خەڵکی ئێمە بەو شێوەیەی کە خۆیان رێککەوتنی لەسەر دەکەن، پارێزراو بێت.''
هەر دوێنێ لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان و گرژییەکانی سووریا، تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆبوونەوە. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ''رێککەوتنیان کردووە کە ئاگربەست هەبێ و هەنگاوی باش نراون. هیوادارین ئەم ئاگربەستە بەردەوام بێ و بگەنە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت. بێگومان شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.''
''هەڵاتنی ئەندامانی داعش مەترسیدارە''
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، ژمارەیەک لە ئەندامانی داعش لەو زیندانانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بوون، هەڵاتن.
سەرۆک بارزانی هۆشداری دەدات، ''بێگومان مەترسیی داعش ئێگجار زۆرە و تەواو نەبووە. ئەم دۆخەی ئێستاش کە لە سووریا دروست بووە، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ داعش رەخساندووە. هێشتا روون نییە چەند ئەندامی داعش هەڵاتوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆرن. ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە.''
''دەرفەت هەبووایە هێزم دەناردە کۆبانێ''
کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی ئەوەی بە تەواوی لەلایەن سوپای عەرەبیی سوویاوە گەمارۆ دراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت لەسەر خەڵک بڕاون و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: ''دڵ و دەروونمان لەگەڵ خوشک و برایانمانە. بابەتەکە تەنیا نێوەندگیری نییە، بەڵکو ئێمە هەموو هەوڵێکیان بۆ دەدەین. هیچ کاتێک بڕوام بە شەڕ نەبووە، بەڵام ئەگەر تەحەدا لە کورد بکرێ، ئەو کاتە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو شتێک.''
سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، نایەوێت بگاتە ئەو رادەیەی شەڕ رووبدات و پێویستە تاوەکو بکرێ، بە زمانی تێگەیشتن و بە ئاشتی چارەسەری کێشەکان لە رۆژئاوای کوردستان بکرێ، ''بەڵام ئەگەر بەرنامەیەک هەبوو تەعدا لە کورد بکرێ و کورد لە ناوچەکە نەمێنێت، ئەو کاتە ئێمە هەموو یەکین.''
سەرۆک بارزانی لەبارەی هەوڵەکانی بۆ لابردنی گەمارۆی سەر کۆبانێ ئەوەشی خستەڕوو، ''هەرچی پێم بکرێ دەیکەم. ئەگەر ئەو دەرفەتەم هەبووایە وەک ساڵی 2014، ئێستا هێزم دەنارد بۆ کۆبانێ. بەڵام ئەو دەرفەتەی ئەو کات هەبوو، ئێستا نییە.''
سەرۆک بارزانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، کۆبانێ لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەدایە کە کوردییە و بەپێی رێکەوتنەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق نابێ دەستی لێ بدرێت.
دوو رۆژە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە ئاوارەکان، لە رۆژئاوای کوردستانە. سەرۆک بارزانی گوتی، ''هەر لە رۆژی یەکەمەوە داوام کردووە بە هەرچی توانای هەیانە بچن بۆ هاوکاریی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان و سوپاس بۆ خودا وابزانم رۆڵێکی باشیان بینیوە و بەردەوامیش دەبن.''
ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، چەند رۆژێکە رووبەڕووی دۆخێکی سەربازی، ئەمنی و داڕمانی خێرای دۆخی مرۆیی بوونەتەوە و سەرەڕای گەمارۆکان، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لەسەر کۆبانی بڕاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ