16ـی مانگی داهاتوو چوار لە حوکمدراوانی بادینان ئازاد دەکرێن

23-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزەرێکی تیمی خۆبەخشی حومکدراوانی بادینان رایگەیاند، دوای سووککردنی سزاکانیان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیارە 16ـی مانگی ئاداری 2023 چوار لە حوکمدراوانی بادینان و مانگی ئەیلوولیش یەکێکی دیکەیان ئازادبکرێن. 

رۆژی پێنجشەممە، 23-2-2023، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای تەواوکردنی ماوەی حوکمەکانیان، بڕیارە رۆژی 16ـی ئاداری 2023 چوار لە حوکمدراوانی بادینان (ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) ئازادبکرێن، هەروەها بڕیارە لە 9ـی ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانیش ئازادبکرێت."
 
ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، سووکردنی سزاکانیان هۆکارێکی باشە بۆ ئازادکردنیان، ئەگەر نا دەبوو ماوەیەکی زیاتر لە زیندان بمێننەوە.
 
دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-2-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان جگە لە شێروان شێروانی کە 50٪ بوو کەمکرایەوە و بڕیارە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئازادبکرێن. 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، شێروان شێروانی دەستگیرکرا، ئەوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."