سوودانى: دواى کۆتاییهاتنی ئەرکى هاوپەیمانان هەنگاو بەرە و پەیوەندیى دوو قۆڵى دەنێین

23-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کۆنگرێسی ئەمریکا بەجیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی کۆبووەوە، دوو بەرپرسە عێراقییەکە جەختیان لەوە کردەوە، دەیانەوێت هەنگاو بەرەو پەیوەندیی دوو قۆڵى لەگەڵ واشنتن بنێن.
 
ئەندامەکەی لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کۆنگرێسی ئەمریکا ناوی کریستۆڤەر کۆنرە.  
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى جەختى لەسەر گرنگیى هاوبەشیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە لەدواى کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بەگوێرەى خشتەیەکى کاتى هەنگاو بەرەو پەیوەندییەکى دوو قۆڵى دەنێت بەگوێرەى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى نێوانیان.
 
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس بە یاوەرىی ئەلینا رۆمانۆسکى، باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە. 
 
قاسم ئەعرەجى رایگەیاندووە، پەیوەندیى نێوان عێراق و ئەمریکا "سەقامگیر و باشە" و کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى ماناى پچڕانى پەیوەندى نییە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
 
هەروەها گوتوویەتی، عێراق چاوەڕوانى تەواوکردنى گفتوگۆکانى ئێستایە لەگەڵ ئەمریکا بۆ رێکخستى پەیوەندیی دوو قۆڵى لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى.
 
رۆژانى 27ـی کانوونى دووەم و 11ـی شوبات، دوو کۆبوونەوە لەنێوان شاندى سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیی دژ بە داعش کرا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئەرکى ئایندەى ئەو هاوپەیمانیێتیە و پەیوەندیى دوو قۆڵیى نێوانیان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە