شەفافیەت: داهاتی هەفتەیەکی سلێمانی تەنیا 1.3 ملیار دینار بووە

23-02-2024
سۆران حوسێن
نیشانەکردن داهاتی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی هەفتەیەکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و زیاتر لە ملیارێک دینار بووە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشتری زیاتر لە 18 ملیار دینار بووە.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردەوە، لە 17ـی شوباتەوە تاوەکو رۆژی هەینی، 23ـی شوبات، داهاتی سنوورەکە 1 ملیار و 341 ملیۆن و 903 هەزار و 610 دینار بووە.
 
"داهاتی هەفتەیەک پێشتر و لە 10ـی شوبات بۆ 16ـی هەمان مانگ، 18 ملیار و 68 ملیۆن و 211 هەزار و 400 دینار بووە." ئەمە بەپێی ئەو ئامارانەی ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردوونەتەوە
 
ئەو داتایانە تایبەتە بە داهاتە نانەوتییەکان، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، لەنێوان دوو هەفتەدا زیاتر لە 92% داهاتەکە کەمیکردووە.
 
شەفافیەت دەڵێت، داهاتی نانەوتیی ئەو سنوورانە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 173 ملیار و 996 ملیۆن دینار بووە.
 
داهاتی نێوخۆ جگە لە خەرجی فەرمانگەکان، بۆ دابینکردنی ئەو کورتهێنانە خەرج دەکرێت کە بۆ پێدانی مووچە دروست دەبێت و بە گوێرەی مانگی رابردوو بێت، 300 ملیار دینار کورتهێنانی مووچە بەو داهاتانە پڕکراونەتەوە.
 
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافییەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە