رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو تاوەکو ئێستا پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار نەگەیشتووەتە وەزارەتی دارایی، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "ئەگەر دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لە سلێمانی تەواوبێت، داهات هەیە و پێویستە 25ـی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ بکرێت."
بەهۆی گرفتی دارایی و کۆنەکردنەوەی داهاتی ناوخۆ، دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دواکەوت و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو 25 ـی مانگێک دابەشکردنی مووچەی دەستپێدەکرد، بەڵام پێدەچێت بەهۆی تەواونەکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو، دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ دوابکەوێت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاندووە کە داهات هەیە و دەبێت دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت. ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "ئەگەر بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مانگی دوو لە هەندێک وەزارەت لە سلێمانی گرفت دروست نەبێت و بە خێرایی تەواو بکرێت، ئەوە هیچ بەرکەوتنێک نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار، بەڵکو داهاتی پێویست بۆ دابەشکردنی هەیە".
لەبارەی ئەو داهاتانەی کە بەردەستن، عەلی حەمە ساڵح باسی لەوە کرد، "مانگی پێشوو تێکڕای نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 97 دۆلار بوو، داهاتی نەوت کە بۆ وەزارەتی دارایی نێردرا بۆ مووچە 488 ملیۆن دۆلار بووە، ئەم مانگە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە 110 دۆلار بۆ سەرەوە بووە، بۆیە بەلای کەمەوە داهاتی نەوت دەگاتە 550 ملیۆن دۆلار، بۆ مووچە 600 ملیۆن دۆلارمان پێویستە، کەواتە تەنیا پێویستیمان بە 50 ملیۆن دۆلارە، ئەوەش دەکرێت لە داهاتی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە".
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، "هەولێر و دهۆک دەبێت 28 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بدەن و سلێمانی دەبێت 21 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بدات، تەنیا داهاتی پەروێزخان کۆی مانگی ئادار دەگاتە نزیکە 34 ملیار دینار، واتا تەنیا بە داهاتی پەروێزخان و سلێمانی دەتوانێت 21 ملیۆن دۆلارەکە دابین بکات، هەروەها تەنیا ئیبراهیم خەلیل، داهاتی بۆ مانگی ئاداری دەگاتە 60 ملیار دینار واتا بەبێ هیچ گومانێک ئەوانیش دەتوانن ئەو بڕەی پێویستە دابینی بکەن، بۆیە هیچ بیانوویەک بۆ دابەشنەکردنی مووچە نییە".
لەبارەی پارێزگای سلێمانییەوە کە هەندێک شوێنی تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە، عەلی حەمەساڵح گوتی، "مانگی پێشوو (شووبات) 588 ملیۆن دۆلار دابینکراوە، لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی دەبوایە 48 ملیۆن دۆلار بدرێتە مووچە، لە داهاتی ناوخۆی هەولێر و دهۆکیش دەبوو 64 ملیۆن دۆلار بدرێتە مووچە، سلێمانی دەڵێت داهات نییە، ئەو 48 ملیۆنە گرفتە و نییە".
سەبارەت بە بارودۆخی سلێمانیش عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی لە سلێمانی روودەدات رەوایە و ناڕەواشە، رەوایە چونکە بەڵێ سلێمانی دەبێت داهاتی خۆی کۆبکاتەوە، چونکە کێشە لە کۆکردنەوەی داهات هەیە و دۆخی قاچاخی و چەندین بابەتی دیکە کۆتایی پێبهێنێت، ئەوەی ناڕەواییە ئەوەیە، داهاتی کارەبای مانگی پێشووی سلێمانی 102 ملیار دینار بووە، بەڵام تەنیا نۆ ملیار دینار بە نەقد بووە، ئەوانەی دیکە هەمووی بە چەک بووە، هەروەها پێوەری دوو ئیدارەییش هەڵەیە هەر کەسێک لە سلێمانی بێت دەزانێت جووڵەی بازرگانی، کۆمپانیاکان و باجیش هیچی وەک هەولێر و دهۆک نییە، باشماخ هەرشتێک بێت ناگات بە ئیبراهیم خەلیل، ئەوەش گرفتێکی دیکەی دروستکردووە".
لیزا فەلەکەدین کاکەیی پەرلەمانتاری پارتی پێشتر گوتبووی: "ئەگەر ئەم نەناردنی داهاتە لە سلێمانییەوە بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئۆباڵی ئەم دۆخە داراییە لە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەیە کە مافی دارایی هاووڵاتییانیان زەوتکردووە و هەمان سیاسەتی عێراق لە بڕین و نەناردنی قووتی کورد پەیڕەو دەکەن، ئەم جۆرە مامەڵە ناتەندروستە جگە لەوەی کاریگەریی نەرێنی بەسەر پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هەیە هەروەها پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی خەریکە بەتەواوی پەکدەخرێن".
سەرەڕای ئەوەی 25ـی ئاداری 2022، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شووبات بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار نەگەیشتووەتە وەزارەتی دارایی.
لە 19ـی مانگی 2ـی 2022 حکومەتی عێراق 200 ملیار دینارەکەی نارد. لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "لای زۆربەی هاونیشتمانییان ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە بۆچی 200 ملیارەکەی بەغدا ناخرێتەلاوە بۆ ئەوەی بچێتە سەر مووچەی مانگی سێ، بۆیە پێویستە هاونیشتمانییان ئەوە بزانن کە نەگەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ مانگی یەک و دواخستنی ناردنی 200 ملیارەکەی بەغدا بەبڕی 320 ملیار دینار کورتهێنانی بۆ مووچەی مانگی یەکی 2022 دروستکرد".
لیزا فەلەکەدین کاکەیی هەروەها گوتی: "لە مانگی دوو بەهەمانشێوە داهاتی ناوخۆی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە و کورتهێنانەکە زیاتر بووە، چونکە بەشێک لە داهاتی نەوتی مانگی دوو بۆ مووچەی مانگی یەک خەرجکراوە و لەملاشەوە سلێمانی داهاتی نەناردووە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە "بە نزیکەیی 430 ملیار دینار کورتهێنان بۆ مووچەی مانگی دوو دروستبووە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە دروست نەبێتەوە دەست بردراوە بۆ داهاتی نەوتی مانگی سێ. بۆیە بە ناچاری 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە خەرجدەکرێت کە لە ئەنجامی نەناردنی داهاتی دوو مانگی سلێمانی و دواکەوتنی 200 ملیارەکەی بەغدا دروستبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ