کوردستان
بۆردوومانێک بۆسەر بارەگای پاسەوانی سنوور لە پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان. وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری لوڕستان رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە 157 کەس لە سنووری پارێزگاکە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکە تاوەکو ئێستا 157 کەس کوژراون و دوو هەزار و 667 کەسیش برینداربوو."
بەگوتەی سەعید پوورعەلی، لەو دوو هەزار و 667 کەسەی برینداربوون، دوو هەزار و 431 کەسیان خەڵکی ئاسایی و سڤیلن.
بەپێی دوایین ئاماری پارێزگای لوڕستان، لە سەرەتای جەنگەوە 101 جار هێرش کراوەتە سەر 64 شوێن لە 12 شاری پارێزگاکە.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل 24 رۆژە بەردەوامە و جەنگەکە لە 28ـی شوباتی 2026ەوە دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە تێیدا چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو دەستپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ