ئەنەکەسە: بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکانی نەورۆز سەردانی ئیدارەی عەفرین دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، رووداوەکەی نەورۆز لە عەفرین پێشێلکاری بوو بەرامبەر بە کورد و ئاڵای کوردستان، "داوا لە ئیدارەی عەفرین دەکەین سزای ئەو کەسانە بدات کە بوونە هۆی دروستبوونی رووداوەکە."
 
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026 ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەو رووداوەی کە لە یەکەم رۆژی نەورۆز روویدا، بەدواداچوونمان کرد و پێیان گوتین، هۆکاری رووداوەکە ئەوەیە کە گەنجێکی کورد لە کۆبانێ ئاڵای سووریای خستووەتە سەر زەوی؛ ئەو رووداوەی عەفرینیش وەک کاردانەوەیەک بووە بۆ کردەوەی ئەو گەنجەی کۆبانێ."
 
سەرۆکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەشڵێت، "دوێنێ داوامان کرد لەسەر ئەو پرسە سەردانی ئیدارەی عەفرین بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەبووە. ئەمڕۆ دووبارە داوا دەکەین بیانبینین و داوا دەکەین کە ئەو کەسانەی بوونە هۆی دروستبوونی رووداوەکە سزا بدرێن."
 
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو رووداو و پێشێلکارییانە دەستگیر نەکراوە؛ "لە کاتێکدا ئەوە ئازاردانی کورد و سووکایەتیکردن بوو بە ئاڵای کوردستان."
 
لەبارەی دۆخی ئێستای عەفرینیش گوتی، "کێشەکان تەنیا لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا بوون و ئێستا دۆخەکە ئارامە."
 
ئەحمەد حەسەن باسی لەوەش کرد، پێشێلکارییەکە بەرامبەر نزیکەی 30 کەس کرابوو، ئەو کەسانەی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن پێشتر لەنێو گرووپە چەکدارەکاندا بوون لە سنووری پارێزگای دێرەزووری سووریا.
 
رۆژی 21ی ئاداری 2026، ئەحمەد حەسەن بە رووداوی راگەیاندبوو، "پێشێلکاریی زۆر بەرامبەر کوردانی عەفرین کرا و بەشێکیان لێیان درا و ئازار دران."
 
بەگوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بڵاوکرابوونەوە، لە سنووری شاری عەفرین هێرش کرایە سەر گەنجانی کورد و سووکایەتییان پێ کرا و لێیان درا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە