رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی لە وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە پێگەیشت و تاوتوێی دۆخی ناوچەکەیان کرد، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ راگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان."
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23-03-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە تۆم بێریندسن، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە پێگەیشت.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرەتا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بێریندسن کردووە، "هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ یارمهتی و هاوکارییە بەردەوامەکانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتەکاندا دووپات کردەوە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "هەردوولا دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە و بەتایبەتی تیشکیان خستە سەر لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕ لەسەر ئارامی و سەقامگیری و دۆخى ئابوورى له ناوچەکە و جیهان."
نێچیرڤان بارزانی و تۆم بێریندسن هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان."
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، بەپێی راگەیێندراوەکە، "نیگەرانیی وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەورووپای لە ئەگەری فراوانبوونی زیاتری شەڕ و ململانێکان و لێكهوتهكانى دەربڕی، هەروەها جەختی لە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە."
كاريگهريى شەڕ لەسەر هەرێمی کوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەشیان لەگەڵ هۆڵەندا، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ