رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان، تۆمەتی هەوڵدان بۆ ژەهرخواردکردنی چەند کەسێک بە "چەواشەکاریی و سیناریۆیەکی بێبنەما" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، ئەو کەسەی ناوی هاتووە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردن سۆزی هۆزی هەرکی بۆ لای خۆی رابکێشێت.
لە روونکردنەوەکەدا ئاژانسی پاراستن باس لەوە دەکات کە چەند سایت و پەیجێک بڵاویانکردووەتەوە کە پاراستنی دهۆک هەوڵی "تیرۆرکردنی" جەوهەر هەرکی و کوڕەکەیان داوە. ئاژانسی پاراستن دەڵێت: "جەماوەری سەربەرزی هۆزی هەركی ، بە پەیوەندیكردنی جەوهەر هەركی بە تاقمی خیانەتكاری شازدەی ئۆكتۆبەر ، نیگەران بوون و لە بەرانبەر ئەوەشدا ، میدیای سەر بە لاهوور بە بڵاوكردنەوەی ئەو درۆ بێبنەمایانە، بەنیازە سۆزی هۆزی هەركی بۆ لای خۆیان رابكێشن و بۆ هەڵبژاردنەكان چەند دەنگێكیان بەدەست بێنن".
ئاژانسی پاراستن بە مافی خۆی دەزانێت سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماربکات و هەروەها داوای "لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە لەژێر سەرپەرشتیی پەرلەمان و نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" دەکات بۆ ئەوەی "كۆی ئەو چەواشەكارییە بۆ گشت لایەك ئاشكرا بكرێت".
لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکە وا بڵاوکراوەتەوە کە کەسێک بەناوی (ق-م) کە نزیکی خۆیانە قاوە دەداتە هەرکی کوڕی جەوهەر هەرکی، دوای ئەوەی کە قومێکی لێدەخواتەوە هەرکی جەوهەر هەرکی دەڵێت ئەم قاوەیە تاڵە و ژەهری تێدایە، دهست به قوڕگی خۆیدا دهكات و خۆی دهڕشێنێتهوه. دواتر ئەو کەسە بانگ دەکەن و گوایە ئەویش دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتویەتی " پاراستنی دهۆك سهرپهرشتی پیلانهكهی كردووه و 3 ملیۆن دیناریان پێداوه" بۆ ئەوەی ئەوکارە بکات.
دەقی روونکردنەوەکەی ئاژانسی پاراستن
لە چەند سایت و پەیجێكی سەر بە لاهوور جەنگی بابەتێكی چەواشەكارانە و، بەپێی سناریۆیەکی بێ بنەما بڵاوكراوەتەوە كە گوایە هەوڵی ژەهرخواردكردنی چەند كەسێك دراوە و لەكاتی داڕشتنی هەواڵەكەیاندا ناوی ئاژانسی پاراستنیشیان هێناوە.
وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو چەواشەكارییە رەتدەكەینەوە جەختیش لەوە دەكەینەوە كە هۆنینەوەی درۆی شاخداری لەمشێوەیە ئەوپەڕی نابەرپرسیارەتی ئەو كەس و لایەنانە نیشان دەدات كە لەپشتەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە ناڕاستی و چەواشەكارییانەن.
بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە جەماوەری سەربەرزی هۆزی هەركی، بە پەیوەندیكردنی جەوهەر هەركی بە تاقمی خیانەتكاری شازدەی ئۆكتۆبەر، نیگەران بوون و لە بەرانبەر ئەوەشدا ، میدیای سەر بە لاهوور بە بڵاوكردنەوەی ئەو درۆ بێبنەمایانە، بەنیازە سۆزی هۆزی هەركی بۆ لای خۆیان رابكێشن و بۆ هەڵبژاردنەكان چەند دەنگێكیان بەدەست بێنن.
لەسەر ئەو ناوزڕاندنەی میدیاكانی تاقمی شازدەی ئۆكتۆبەر، بە مافی خۆمان دەزانین داوای یاسایی لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكەین كە لە پشتەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتەن و داواش دەكەین لێكۆڵینەوەیەكی دادپەروەرانە لەژێر سەرپەرشتیی پەرلەمان و نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و كۆی ئەو چەواشەكارییە بۆ گشت لایەك ئاشكرا بكرێت.
ئاژانسی پاراستن22-5-2021
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ