رووداو دیجیتاڵ
سنە، ناوەندی پارێزگای کوردستانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. شارێک کە جگە لە نازناوە مێژوویی و کولتوورییەکانی، وەک "شاری پەیکەرەکان"ـیش ناسراوە.
لە تەواوی شوێنە گشتییەکانی شاردا، پەیکەری کەسایەتی، داستان و رووداوە گرنگەکانی کورد، بەشێوەیەکی هونەری بەرجەستە کراون و گوزارشت لە قۆناخە جیاجیاکانی مێژووی کورد دەکەن.
یەکێک لە دیارترین و گەورەترین پەیکەرەکان، نەک تەنیا لە سنە، بەڵکو لە تەواوی ئێران، پەیکەری "بەرگری و خۆڕاگریی کورد"ـە.
ئەو پەیکەرە کە بەرزییەکەی دەگاتە 22 مەتر، لەسەر چیای ئاویەر لە سنە دانراوە و دەڕوانێتە سەر تەواوی شارەکە.
پەیکەرەکە گوزارشتە لە رووداوە کارەساتبارەکانی وەک بۆردوومانی قەڵادزێ، کیمیابارانی هەڵەبجە و سەردەشت، هەروەها شێخ وەسان و بالیسان. ئەم شاکارە هونەرییە، بە دەست و پەنجەکانی هونەرمەندی پەیکەرتاش، هادی زیائۆدینی، دروستکراوە.
لە نێو کارە هونەرییەکانی دیکەی زیائۆدینیدا، پەیکەری خانمێکی شەڕڤانی کۆبانێ، شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس و، دەیان کەسایەتی دیکەی سیاسی، شاعیر، هونەرمەند و نووسەری کورد بەرچاو دەکەون.
هەر داستان و کەسایەتییەکی دیاری کوردت بوێت، دەتوانیت لە شوێنی کاری هادی زیائۆدینیدا نموونەیەکی هونەریی لێ ببینیت.
جێگەی سەرنجە، دروستکردنی هەموو ئەو پەیکەرە بەنرخ و مانادارانە، لە ژوورێکی سەد مەتریی ماڵی مێژوویی شاعیر و مێژوونووسی کورد، مەستوورە خانمی ئەردەڵان، ئەنجام دەدرێن.
مەهدی زیائۆدینی، برا و هاوکاری هادی زیائۆدینی، کە ئەویش پەیکەرتاشێکی بەتوانایە، شانبەشانی براکەی لەم کارە هونەرییەدا بەشدارە. کارە هونەرییە گەورەکانی ئەو دوو برا هونەرمەندە سنوورەکانیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە شارەکانی ئەوروپاش.
لە نوێترین پڕۆژەیاندا، سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین پەیکەرن بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ