رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی ئەمەریکا لە ئێوارەخوانێکدا جەختی لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردووەتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: "ئێوارەی پێنجشەممە لە واشنتن، بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسعەد بوڵس، راوێژکاری باڵای بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ئێوارەخوانێک بۆ بەخێرهێنانمان رێکخرا".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە ئێوارەخوانەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتی ناسراوی ئەمریکا ئامادەبوون، راوێژکاری باڵای سەرۆک ترەمپ لە گوتەیەکدا بەخێرهاتنی کردین و سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا بە سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو ناوبرد".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەسعەد بوڵس "جەختی لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا" کردووەتەوە.
لە میواندارییەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتەیەکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
مەسرور بارزانی دەڵێت: "سوپاسی میواندارییەکەمان کرد و ئاماژەمان بەوەدا هەرێمی کوردستان پێزانینی زۆری بۆ هاوکاری، پشتیوانی و دۆستایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەین لە هەموو بوارەکاندا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ