رووداو دیجیتاڵ
بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2019ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو خانوو و زەوییانەى كە زێدەڕۆیین دەبێت كار بۆ تاپۆكردنیان بكرێت. لە سنووری شارەوانیی شەقڵاوە بەشێکی زۆری زەوی و خانووەکان زێدەڕۆیین، سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە دەڵێت، "پێویستە یاساکە هەموار بکرێتەوە، چونکە زۆربەی زەوی و خانووە زێدەڕۆکان لە سنووری قەزاکەیاندا لە یاساکەدا سوودمەند نابن و لە دوو هەزار خانوو تەنیا 20ـیان تاپۆ دەکرێن.
شاخەوان عەزیز، سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای دەرچوونی یاسای تاپۆکردنی زەوی و خانووە زێدەڕۆییەکان، زیاتر لە دوو هەزار مامەڵەی هاونیشتمانییانمان بە دەست گەیشتووە."
سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە رایشیگەیاند: "بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو زێدەڕۆییانەی کراون لەسەر سەوزایی یان شوێنی بازرگانی یان موڵکی گشتی و وەزارەتەکانی حکومەتن، تەنیا 20 هاونیشتمانی لە یاساکە سوودمەند بوونە و خانووەکانیان تاپۆ دەکرێت، بۆیە پێویستە یاساکە هەموار بکرێتەوە تاوەکو هەمووان لێی سوود مەند بن."
شارەوانیی شەقڵاوە بۆ ئاسانکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان پێویستیان بە ئامێرێکی پێشکەوتووە بۆ دیاریکردن و جیاکردنەوەی رەگەزی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان کراوەتە سەر.
شاخەوان عەزیز گوتی: "گۆڕینی رەگەزی زەوی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵکو دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدات. رەگەزی زەوییەکانیش بریتین لە زەویی سەوزایی، بازرگانی، نیشتەجێبوون، تەندروستی و پەروەردە و ئەوقاف."
لە سنووری قەزای شەقڵاوە هاونیشتمانییان گلەیی دەکەن لەوەی رێگەیان پێنادرێت لەسەر زەویی باخەکانیان زیاتر لە یەک خانوو دروست بکەن.
سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە لەو بارەیەوە دەڵێت: "بابەتەکە پەیوەندی بە بڕیارەکانی ئێمەوە نییە، بەڵکو بەپێی یاسایەک کە لە ساڵی 1979دا دەرچووە و تاوەکو ئێستا کاری پێدەکرێت، لە یەک دۆنم تاوەکو 100 دۆنم زەوی تەنیا رێگە کردنەوەی یەک خانوو دراوە، زۆربەی زەوییەکانیش پێشتر خانوویان لەسەر دروست کراوە، بۆیە رێگە نادەین خانووی دیکەیان لەسەر دروست بکرێت."
شارەوانیی شەقلاوە ئەوە زیاتر بۆ پاراستنی تۆپۆگرافیای سنووری قەزاکەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی تێک نەچێت، چونکە ناوچەیەکی گەشتیارییە.
شاخەوان عەزیز باسی لەوە کرد، ئەوان پشتگیریی ئەو هاونیشتمانییانە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەیش قسەیان لەگەڵ لایەنی بەرپرس کردووە بۆ ئەوەی کاربکەن تاوەکو ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە.
شاخەوان عەزیز ئەوی خستەڕوو کە ئەوان جیاوازی لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکەن و ساڵێک و حەوت مانگە رێگەیان بە دروستکردنی هیچ خانوویەک نەداوە، تەنیا رێگەدراوە ئەو کەسانەی خانووەکانیان کۆن بوون نۆژەنیان بکەنەوە.
زیاتر لە 10 ساڵە هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی شەقڵاوەیان بەسەردا دابەشکراوە و، بەهۆی ئەوەی هەندێک لەو زەوییانە لە بنەڕەتدا موڵکی وەزارەتەکانی پەروەردە و ئەوقافن ،هاونیشتمانییان ناتوانن بیانکەن بە خانوو.
سەرۆکی شارەوانیی شەقڵاوە گوتی: "لەنێو زیاتر لە هەزار پارچە زەویدا کە بەسەر کرێنشیناندا دابەشکراون، 300 کەسیان تاوەکو ئیستا نەیانتوانیوە سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن، بەڵام ئێمە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیشداین و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی وەزیری ئەوقافمان کردووە و لە داهاتوویشدا سەردانی وەزیری پەروەردە دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ