دوای راپۆرتێکی رووداو، وەزیری خوێندنی باڵا تێچووی چارەسەری کچێک لە گەرمیان دابیندەکات

24-07-2022
هونەر حەمید
دوای راپۆرتێکی رووداو، وەزیری خوێندنی باڵا تێچووی چارەسەری کچێکی 10 ساڵ دابین دەکات کە کەوتە ژێر دیوارێکەوە
دوای راپۆرتێکی رووداو، وەزیری خوێندنی باڵا تێچووی چارەسەری کچێکی 10 ساڵ دابین دەکات کە کەوتە ژێر دیوارێکەوە
نیشانەکردن گەرمیان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی خەرکنێی سنووری گەرمیان بەهۆی رووخانی دیوارێکەوە کچێکی تەمەن 10 ساڵ گیانی لەدەستدا و خوشکێکی حەوت ساڵیشی قاچی شکا کە ئێستا لە نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی، دوای راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر كچە بریندارەکە، کە باوکی گوتی، توانای چارەسەریی كچەکەی نییە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیی خۆی نیشاندا کە هەموو تێچووی نەشتەرگەری و چارەسەریی ئەو منداڵە لەئەستۆ بگرێت.
 
لەو کاتەی کە دیوارەکە بەسەریاندا رووخا، دایکی منداڵەکان سەرقاڵی مەڕەکان بووە، منداڵەکانیشی یارییانکردووە و پایەی گەوڕەکە رووخاوە بەسەریاندا، بەهۆیەوە سەری سارای تەمەن 10 ساڵی تەقاندووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 
 
سەعد ئەحمەد، مامی کچەکە چیرۆکی رووخانی دیوارەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "باوکیان لە چۆڵەوانی سەرقاڵی مەڕوماڵات بوو، لە کاتێکی درەنگی ئێوارە کە گەڕایەوە بینی خەڵکی لە نزیک ماڵەکەی کۆبوونەتەوە. یەکێک لە دراوسێکانی پێی گوت کە دیوار بەسەر منداڵەکانیدا رووخاوە. بەسەزمانە ئاگاداری هیچ شتێک نەبوو، دوای رووداوەکە ئێوارە پێی زانی. خەڵکی ناوچەکە منداڵەکانیان لەژێر داروپەردووەکە دەرهێنا و بردیانە نەخۆشخانە. یەکێک لە منداڵەکان دەسبەجێ گیانی لەدەستدابوو، منداڵەکەی دیکەشیان رەوانەی سلێمانی کرد، دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بوو." 
 
سارا فوادی تەمەن 10 ساڵ بلۆک بەر سەری دەکەوێت و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدات، هاجەری خوشکیشی کە تەمەنی حەوت ساڵە، قاچێکی دەشکێت و لە نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی و پێویستی بە نەشتەرگەرییە. 
 
یوسرا فواد، خوشکە بچووکەکەی سارا هێشتا شۆک بەرینەداوە و ناشزانێت کە سارا گیانی لەدەستداوە و دەڵێت: "لەگەڵ سارە و هاجەر بەردەوام یاری دەکەم بەتایبەتی سارە. ئەم دیوارە بەسەریاندا رووخا. هاجەر قاچی شکا و بردیانە نەخۆشخانە." 
 
فواد ئەحمد، باوکی سارا لەگەل سەعدی برای سێ ساڵە لە پارێزگای دیالەوە چوونەتە گوندی خەرکنێی سەر بە شارۆچکەی مەیدانی گەرمیان، وەکو شوانکار لە گوندەکە کار دەکات و هەر لەوێ نیشتەجێن. 
 
سەیف محمەد، ئامۆزای فودا باسی لەوە کرد، "ئەو خەریکی شوانکارییە و دۆخی ئابووریی زۆر خراپە. بەهۆی رووخانی دیوارەکە، قاچی منداڵەکەی شکا و لووتی زیانی زۆری پێگەیشتووە. ئەوەی گیانی لەدەستدا سارە بوو، خوا لێی خۆش بێت. هاجەریش لە نزیک چۆکییەوە قاچی شکا و خوێنبەربوون لە لووتی هەیە و پێویستی بە چارەسەرییە. نەشتەرگەرییەکەی هاجەر پارەی زۆری دەوێت بۆ قاچ و لووتی. هیوادارم رێکخراوێکی خێرخوازیی هاوکاری بکات، خێرێکی زۆر گەورەیە، چونکە دۆخی ئابوورییان زۆر خراپە و خێزانێکی زۆر هەژارن."
 
دوای ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی لەسەر دۆخی تەندروستیی بریندارەکە کرد کە باوکی گوتی، ناتوانن تێچووی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دابین بکەن. د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا بە رووداوی راگەیاند، ئامادەیە هەموو تێچووی نەشتەرگەری و چارەسەریی ئەو منداڵە لەئەستۆ بگرێت کە لەگەڵ خوشکەکەی لە سنووری گەرمیان دیوار بەسەریاندا کەوت و ئێستا پێویستی بە نەشتەرگەرییە.
 
باوکی سارا لە دوو هاوژین، سێ  کوڕ و چوار کچی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی (لای راست) و د. بەرهەم ساڵح

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 19-12-2025، پەیامێکی پێرۆزبایی ئاراستەی د. بەرهەم ساڵح کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR).