رووداو دیجیتاڵ
بەپێی سەرچاوەیەکی باڵا بۆ رووداو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ئەمڕۆ مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و داوا لە وەزیرانی دارایی و نەوت دەکات راپۆرت لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بدەن و شاندی وەزارەتی نەوتیش، سەردانی تەواوی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات.
سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەی دوێنێ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەمموزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، سبەی [چوارشەممە] مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەگاتە هەرێمی کوردستان و لەمەودوا بێ گرفت مووچەی مانگەکانی دیکە رەوانە دەکرێت.
هەروەها گوتیشی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزیرانی نەوت و دارایی کرد، لە ماوەی 15 رۆژی دیکەدا راپۆرتی خۆیان لەبارەی رادەی جێبەجێکردن و پابەندبوونی هەردوولا بە رێککەوتنەکە پێشکێش بکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی داواشی لە وەزیری نەوت کرد، شاندەکەیان سەردانی مەیدانی ئەو کێڵگە نەوتییانەی هەرێمی کوردستان بکەن، کە تاوەکو ئێستا سەردانیان نەکردوون. وەزیری نەوتش ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی بڕی ئەو نەوتە دووپات کردەوە.
سوودانی ئاماژەی بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی رۆژی 17ـی تەممووزی 2025 دەرچووە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی دۆسیە دارایی و ئیدارییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. هاوکات ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بوونە هۆی دەرچوونی بڕیارەکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی "جەختی لە گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەگوێرەی یاسا و دەستوور، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیش لەلایەن خۆیەوە بتوانێت بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە داراییەکانی".
دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئایاری 2025 کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستای بە کۆمپانیای سۆمۆ.
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (6 و 7) خەرج دەکرێت''.
دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوێنێ رایگەیاند، ''داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ